کانونی یه‌که‌م 05, 2022 14:03 Asia/Tehran
  • ئاژاوەگێڕان هێرشیان کردە سەر بینای پارێزگای «سوەیدا» لە سوریا

وەزارەتی ناوخۆی سوریا هێرشی کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕی بۆ سەر بینای پارێزگای «سوەیدا»و سووتاندنی ھێندێک بەڵگەنامەی ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی سوریا (سانا)، وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ کە بەشێکیان چەکدار بوون، هێرشیان کردووەتە سەر بینای پارێزگای «سوەیدا» و تەقەیان کردووەو لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژراوەو ژمارەیەکیش بریندار بوونە.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەم بەیاننامەیەدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئاژاوەگێڕان چوونەتە ناو بینای پارێزگاکەو کەلوپەلی نووسینگەی پارێزگاکەیان تێک و پێک داوەو بەشێکی زۆر بەڵگەنامەکانی نێو بیناکەیان دزیوە و ئاگریان لە بیناکە و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری بەرداوە.

لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی ناوخۆی سوریا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: ئەم گرووپە یاساشکێنە بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل بەشێک لە ڕێگاکانی پارێزگای «سوەیدا»یان داخستووە.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە:دەسەڵاتدارانی ئەمنیی سوریا بەدوای یاساشکێنەکاندا کەوتوون و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ڕێگەیان بەخۆیان داوە یاری بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای «سوەیدا» بکەن و سەلامەتیی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.

هەروەها «ریان مەعروف»، چالاکوانی مافەوانیی سوریاش لەم بارەیەوە وتویەتی: بینای پارێزگاکە لە ناوەوە بە تەواوی سووتاوە و کۆمەڵێکیش بەهۆی تەقەکردنەکەوە بریندار بوونە.

سەرپەیڤ