کانونی یه‌که‌م 23, 2022 12:11 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی سوریا لەسەر پێویستیی بەهێزکرانی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان دیمەشق و تاران

سەرۆکوەزیرانی سووریا جەختی لە بەهێزکرانی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان دیمەشق و تاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و گەمارۆ تاکلایەنەکانی ڕۆژئاوا لە دژی خەڵکی دوو وڵات کردەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە لە ڕیزی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان دوو وڵاتدایە. سوریا یەکێکە لە هاوپەیمانە هەرە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژئاوای ئاسیا و هەردوو وڵات هەمیشە لە ئاراستەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان هەنگاو ھەڵدەگرن.

هەر لەم پێوەندییەدا و بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «حسێن عەڕنوس»، سەرۆک وەزیرانی سووریا ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ «ئایەتوڵڵا حەسەن ئەختەری»، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی ئێران و سووریا، ڕێگاکانی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لە ڕووی  ئابووری، بازرگانی ، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە تاوتوێ کرد.

لەم دیدارەدا هەردووک لا جەختیان لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا و گرنگی کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر لە مەڕ پەیوەندیی نێوان دوو وڵات بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووریی ھەردووک لا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و بایکۆتەکانی یەکلایەنەی  ڕۆژئاوا  دژی ئەو دوو گەلە.

ھەروەھا بە پێویستیشیان زانی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان بە تایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی، لقە جۆربەجۆرەکانی نەوت، نیشتەجێبوون، بیناسازی و تەکنەلۆژیای نێوان سوریا و ئێران بەهێز بکرێت.

سەرپەیڤ