شوبات 03, 2023 09:43 Asia/Tehran
  • تورکیا بنکەیەکی لە باکوری سوریا چۆڵکرد

سەرچاوە ئامادەبووەکان لە پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا وایان بڵاو کردووەتەوە کە؛ سەربازانی تورکیا بنکەی "قستون"یان چۆڵ کردووە.

بەگوێرەی کەناڵی هەواڵدەریی مەیادین، سەرچاوە خۆجێییەکانی پارێزگای حەلەب کە دەکەوێتە باکووری سووریا ڕۆژی پێنجشەممە  ڕایانگەیاند، سوپای تورکیا بنکەی "قەستون"ی کە لە باکووری شاری ئەریحا و لە سەر ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی ناسراو بە «ئێم_ فۆڕ» دایە، چۆڵ کردووە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، ماڵپەڕەکانی نزیک لە تاقمی تیرۆریستی تەحریرۆ شام کە بەرەی نوسرە پێکهاتەی سەرەکییەتی، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە سوپای سوریا بنکەیەکی تورکیای لە گوندی "ئیفس" کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە «خولوسی ئاکار» وەزیری بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا و ڕووسیا بەردەوامە.

ئاکار هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاکە ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا و عێراق لەناوبردنی تاقمە تیرۆریستییەکان و ئاسایشی سنوورەکان و ڕێگری کردنە لە هاتنی پەنابەری نوێ بۆ تورکیا.

ئەم بەرپرسە تورکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەنقەرە ناتوانێت هیچ کارێک بکات کە زیان بە سوریەکانی نیشتەجێی تورکیا یان لە ناوخۆی سوریا بگەیەنێت و ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا هەوڵ دەدات بەستێنی پێویست بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان دابین بکات.

شیاوی باسە حکومەتی سوریا هەمیشە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سوریای بە نموونەی داگیرکاری زانیوە و گەلێک جار داوای کشانەوەی کردوون.

سەرپەیڤ