شوبات 06, 2023 06:13 Asia/Tehran
  • سوریا: دیمەشق ئامادەیە دوور لە تێوەگلان بە سیاسەتەوە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات

نوێنەری نوێی سوریا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیە، بەدوور لە هەر چەشنە کارێکی سیاسی.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی سوریا (سانا) ڕۆژی یەکشەممە،«حەیدەر عەلی ئەحمەد» نوێنەری نوێی سوریا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، بڕوانامەکانی پێشکەش بە «تاتیانا ڤالۆڤایا» بەڕێوەبەری گشتیی ئەم نووسینگەیە کردو ئامادەیی سوریا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر بنەمای بێلایەنی بەدوور لە هەر کارێکی سیاسی ڕاگەیاند.

«عەلی ئەحمەد» وتی: سوریا وەک وڵاتێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە مەبەست و ئامانجەکانی جاڕنامەی ئەم ڕێکخراوەیە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ.

«ڤالۆڤایا» بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە ژێنێڤیش ھەر لە دیدارەکەدا سۆز و هۆگری پیشەیی خۆی بۆ دۆخی سوریا دەربڕی و سووربوونی بۆ درێژە پێ دانی هاوکاری لەگەڵ نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە ژێنێڤ بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی بەردەوام بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا ڕاگەیاند.

جێگای ئاماژەیە «حەیدەر عەلی ئەحمەد» جێگای «حیسامەدین عەلا» نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ژێنێڤ دەگرێتەوە.

سەرپەیڤ