٦٠ فڕۆکەی هەڵگری هاوکاریی مرۆڤی گەیشتنە سوریا
تا ئێستا ٦٠ فڕۆکەی هەڵگری هاوکاریی مرۆڤی گەیشتوونەتە سووریا.
«باسم مەنسوور» سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوریا ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادین ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەکانی سوریا ٦٠ فڕۆکەیان پێگەیشتووە کە هاوکاری مرۆیییان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە باکووری ئەو وڵاتە هەڵگرتووە.
«باسم مەنسوور» ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەکەی ھەڵگری هاوکارییەکانی عەرەبستانیش بگاتە سوریا. مانگی سووری عەرەبستان داوای مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆکەی فریاگوزاری لە فڕۆکەخانەی دیمەشقی کرد کە مۆڵەتی نیشتنەوەی درایە.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە بۆ نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەکانی سوریا بەمەبەستی یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە مۆڵەتیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ٢١ وڵات.
هەرچەندە هەندێک وڵاتی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە هاوکاریی مرۆڤییان بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی سوریا نارد، جگە لە ناردنی هێزی فریاگوزاری، بەڵام لەم ناوەدا گەمارۆکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ، هاوکاریکردنی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی سوریایان قورس کردووە، بەجۆرێک کە زۆربەی فڕۆکەکانی هەڵگری هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە خۆیان لە قەرەی چوونە نێو سوریا نادەن.