گەشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سووریا
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا وتی: سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «حسێن ئەکبەری»، باڵوێزی ئێران لە سووریا، وتیشی: «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی»، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گوڵان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.
پێشتریش ڕۆژنامەی "ئەلوەتەنی سوریا" باسی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریای کردبوو.
پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوریا لەو پەیوەندییانەی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایە کە بە ستراتیژی دادەنرێت و ھەردووک لا ئیرادەیەکی جیددییان هەیە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.
لە ماوەی 12 ساڵەی قەیرانی سووریا و شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ تیرۆریستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی هەمەلایەنەی حکومەتی سووریای لە دژی تیرۆریستان کردووە؛ دەسەڵاتدارانی سوریا لەوان «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، گەلێک جار پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرز نرخاندووە.