هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی داعش لە دێرەزوور دەست پێکرد
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی بەهێزکردنی ئاسایش هەسەدە هەڵمەتێکی ئەمنیی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش لە دێرەزوور دەستپێکرد و لەمبارەوە فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە کەناڵی ئاسمانی ڕووناهی-ی رایگەیاند، هەڵمەتەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ۱۳ کەس، هەروەها کوژرانی کەسانی دیکەش کە ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەست بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزه بەشداربووەکان لە هەڵمەتەکەدا ۵ ئەندامی داعشیان دەستگیر کردووە، جگە له دەستگیرکردنی ۸ کەسی دیکە کە ماددەی هۆشبەریان پێ بووە، هەروەها کوژرانی ۳ چه کدار کە ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن.
لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، بەڕێوبەریی خۆسەر لە دێرەزوور پێشوازی لەو هەڵمەتە ئەمنییە کرد کە لەلایەن هەسەدەەوە راگەیەندرا، جەختی لەوە کردەوە، لەسەر داوای دانیشتووان و سەرکردەکانی خێڵەکان ئەو هەڵمەتە دەستپێکراوە، بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.