ئه‌یلوول 19, 2025 11:11 Asia/Tehran
  • چەند خەوێنەرێکی سروشتی (١) - گوڵە بەیبوون

بە قورسی خەولێکەوتن کێشەیەکی باوی زۆربەی مرۆڤەکانە، بۆ هەندێک کەس ئەم کێشەیە ماوەیەک دەخایەنێت و بێزاری دەکات.

لە هەندێک بارودۆخدا ئەم کێشەیە بە ڕێککردنەوەی سیستم و کاتی خەوتن چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە سنووردارکردنی سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا و کەم کردنەوەی بۆ ٣٠ خولەک و ڕاهێنان کردن بۆ زیاتر کەم کردنەوەی بۆ ١٠ خولەک، نەخواردنی سەرچاوەکانی کافایین و هاندەرەکانی دیکەی مێشک پێش نوستن، هەروەها پێش نوستن نەخواردنی ئەو خواردنە قورسانەی کە پێکهاتەی چەورییان زۆر تێدایە یاخود سورکراوەن.

ئەگەر کێشەکانی خەوتنی کەسێک بەوانەش چارەسەر نەبوو لەوانەیە هەندێک کەس حەز بکەن دەرمانی خەولێخەر و ئەو دەرمانانە بەکار بهێنن کە وایان لێ دەکات بە ئاسانی بچنە خەوێکی قوڵەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی پێیان خۆشە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرچاوەی سروشتی بەکار بهێنن، سەرچاوە ناکیمیاییەکانی ماددەی خەوێنەر بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە، کە دەبنە هۆی ئارامبوونەوەو پشوودان و نەمانی نیگەرانی، هەروەها دەبنە هۆی زوو خەولێکەوتن جگە لەمانەش چەندین سوودی تریان هەیە وەک کەم کردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی هەرسکردنی خۆراک.

خەوتن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە ئاسان بێت بە گۆڕینی ڕۆتین و ژەم و خولیای ڕۆژانە، هەمیشە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات دوور بێت لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرەتا سەرچاوەی سروشتی تاقی بکاتەوە.

 

١ - گوڵە بەیبوون

گوڵە بەیبوون ڕووەکێکی بێ زیانە کە دەبێتە هۆی ئارام بوونەوە، یارمەتی هێوربوونەوە و خەوتن دەدات، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام دراوە دەرکەوتووە کە چای گوڵە بەیبوون بەسوودە بۆ یارمەتیدانی خەوتن لەو ئافرەتانەی کە تازە منداڵییان بووە، هەروەها نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە.

بەکارهێنانی گوڵە بەیبوون

  •     بەکارهێنانی گوڵە بەیبوونی وشککراوە بۆ دروستکردنی چای سەفەری.
  •     هەڵمژینی هەڵمی زەیتی خەستی گوڵە بەیبوون یاخود بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زەیتەکە بدرێت لە پێست.
  •     دەتوانرێت وەک دەرمانی پوختەکراوی گیایی بەکار بێت.
  •     دەتوانرێت وەک حەب یاخود کەپسول وەربگیرێت.

سوودەکانی دیکەی گوڵە بەیبوون

  •     کرداری هەرسکردن ئاسان دەکات.
  •     پێست ڕەونەقدار دەکات و یارمەتی زوو چاکبوونەوەی برین دەدات.
  •     یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.
  •     سەرئێشە کەم دەکاتەوە.

چ کاتێک نابێت گوڵە بەیبوون بەکار بێت؟

- کەسێک کە هەستیاری هەبێت بە هەر ڕووەکێک لە خێزانی گوڵە بەیبوون، بۆیە پێویستە سەرەتا پرس بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت دەربارەی هەستیاری بە ڕووکێک لە خێزانی گوڵە بەیبوون.

- لە کاتی وەرگرتنی کەپسول یاخود حەبێک لە گوڵە بەیبوون، نابێت ژەمی زیادە وەربگیرێت چونکە دەبێتە هۆکاری ڕشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن.

- ئەو کەسانەی کە نەخۆشی پەیوەست بە هۆڕمۆنییان هەیە نابێت گوڵە بەیبوون بەکاربهێنن.

- پێویستە هەمیشە زەیتی گوڵە بەیبوون لەگەڵ زەیتی دیکەدا بەکاربێت بۆ کەم کردنەوەی خەستییەکەی بۆ نموونە زەیتی زەیتوون، هەروەها پێویستە لەسەر بەشێکی بچووکی پێست تاقی بکرێتەوە پێش بەکارهێنان، بە شێوەیەک کە بڕێکی زۆر کەم و بە چینێکی تەنک لە تێکەڵەی زەیتەکە لەسەر بەشێکی بچووکی قۆڵ بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر هیچ سووربوونەوەیەک ڕووی نەدا تاکوو ٢٤ کاتژمێر، کەواتە بەکارهێنەر دەتوانێت بێ ترس زەیتەکە بەکار بهێنێت، هەروەها بە هیچ شێوەیەک ئەم زەیتە نابێت بخورێت.

لە بەشەکانی تری ئەم بابەتە، باسی خەوێنەرەکانی تر لەوانە گوڵی سونبول (ڤالێرییان)، میلاتۆنین، لاڤێندەر و ڕووەکی جینسینگ هەروەها چۆنییەتیی بەکارهێنان و سوودەکانیان دەکەین.

سەرپەیڤ