چەند خەوێنەرێکی سروشتی (3) - میلاتۆنین
بە قورسی خەولێکەوتن کێشەیەکی باوی زۆربەی مرۆڤەکانە، بۆ هەندێک کەس ئەم کێشەیە ماوەیەک دەخایەنێت و بێزاری دەکات.
لە هەندێک بارودۆخدا ئەم کێشەیە بە ڕێککردنەوەی سیستم و کاتی خەوتن چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە سنووردارکردنی سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا و کەم کردنەوەی بۆ ٣٠ خولەک و ڕاهێنان کردن بۆ زیاتر کەم کردنەوەی بۆ ١٠ خولەک، نەخواردنی سەرچاوەکانی کافایین و هاندەرەکانی دیکەی مێشک پێش نوستن، هەروەها پێش نوستن نەخواردنی ئەو خواردنە قورسانەی کە پێکهاتەی چەورییان زۆر تێدایە یاخود سورکراوەن.
ئەگەر کێشەکانی خەوتنی کەسێک بەوانەش چارەسەر نەبوو لەوانەیە هەندێک کەس حەز بکەن دەرمانی خەولێخەر و ئەو دەرمانانە بەکار بهێنن کە وایان لێ دەکات بە ئاسانی بچنە خەوێکی قوڵەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی پێیان خۆشە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرچاوەی سروشتی بەکار بهێنن، سەرچاوە ناکیمیاییەکانی ماددەی خەوێنەر بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە، کە دەبنە هۆی ئارامبوونەوەو پشوودان و نەمانی نیگەرانی، هەروەها دەبنە هۆی زوو خەولێکەوتن جگە لەمانەش چەندین سوودی تریان هەیە وەک کەم کردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی هەرسکردنی خۆراک.
خەوتن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە ئاسان بێت بە گۆڕینی ڕۆتین و ژەم و خولیای ڕۆژانە، هەمیشە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات دوور بێت لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرەتا سەرچاوەی سروشتی تاقی بکاتەوە.
میلاتۆنین
میلاتۆنین لە ڕژێنی سنەوبەری بەرهەم دێت کە ڕژێنێکە دەکەوێتە مێشکەوە، کار و فرمانی ئەم ڕژێنە بە تەواوی پێناسە نەکراوە، بەڵام توێژەرەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە چەند هۆڕمۆنێک دەردەدات و ڕێکیان دەخات وەک هۆڕمۆنی میلاتۆنین، میلاتۆنین بە ڕۆڵە سەرەکییەکەی ناسراوە لە ڕێککردنەوە و ڕێکخستنی سیستمی خەوتن. وەرگرتنی دەرمانی سەرچاوەی میلاتۆنین یارمەتیدەرە بۆ زوو خەو لێکەوتن و بە ئاسانی چوونە خەوێکی قوڵەوە.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام دراوە ئەوە دەرکەوتووە کە میلاتۆنین خەوێنەرێکی سروشتییە، لە توێژینەوەکەدا ئەو کەسانەی کە ٣ میلیگرام لە میلاتۆنیان خواردبوو پێش خەوتن، زووتر خەویان لێ دەکەوت و کاتێکی زیاتر لە خەوێکی قوڵدا دەمانەوە.
ژەمی ڕێگەپێدراو بریتییە لە ١ بۆ ٥ میلیگرام پێش خەوتن. پێویستە تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە بەکار بێت و دوای دوو هەفتە واز لە بەکارهێنانی بهێنرێت، ئەگەر دوای دوو هەفتە سیستمی خەوی بەکارھێنەر ڕێک نەبوویەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکات.
جگە لە ڕێککردنەوەی کاتی نوستن میلاتۆنین ئەم سودانەشی هەیە:
- بەرگری لەش زیاددەکات.
- دژە هەوکردنە.
دوای دەرکەوتنی ئەم نیشانانە نابێت میلاتۆنین بەکاربێت
- بە ئاگابوون بە درێژایی شەو لەبری خەوتن.
- خەمۆکی.
- بێهۆشی.
- بێتاقەتی.
- ئازاری گەدە.