ئه‌یلوول 29, 2025 11:11 Asia/Tehran
  • چەند خەوێنەرێکی سروشتی (4) - لاڤێندەر

بە قورسی خەولێکەوتن کێشەیەکی باوی زۆربەی مرۆڤەکانە، بۆ هەندێک کەس ئەم کێشەیە ماوەیەک دەخایەنێت و بێزاری دەکات.

لە هەندێک بارودۆخدا ئەم کێشەیە بە ڕێککردنەوەی سیستم و کاتی خەوتن چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە سنووردارکردنی سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا و کەم کردنەوەی بۆ ٣٠ خولەک و ڕاهێنان کردن بۆ زیاتر کەم کردنەوەی بۆ ١٠ خولەک، نەخواردنی سەرچاوەکانی کافایین و هاندەرەکانی دیکەی مێشک پێش نوستن، هەروەها پێش نوستن نەخواردنی ئەو خواردنە قورسانەی کە پێکهاتەی چەورییان زۆر تێدایە یاخود سورکراوەن.

ئەگەر کێشەکانی خەوتنی کەسێک بەوانەش چارەسەر نەبوو لەوانەیە هەندێک کەس حەز بکەن دەرمانی خەولێخەر و ئەو دەرمانانە بەکار بهێنن کە وایان لێ دەکات بە ئاسانی بچنە خەوێکی قوڵەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی پێیان خۆشە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرچاوەی سروشتی بەکار بهێنن، سەرچاوە ناکیمیاییەکانی ماددەی خەوێنەر بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە، کە دەبنە هۆی ئارامبوونەوەو پشوودان و نەمانی نیگەرانی، هەروەها دەبنە هۆی زوو خەولێکەوتن جگە لەمانەش چەندین سوودی تریان هەیە وەک کەم کردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی هەرسکردنی خۆراک.

خەوتن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە ئاسان بێت بە گۆڕینی ڕۆتین و ژەم و خولیای ڕۆژانە، هەمیشە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات دوور بێت لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرەتا سەرچاوەی سروشتی تاقی بکاتەوە.

 

 

 

 

لاڤێندەر

لاڤێندەر ڕووەکێکی بۆنخۆشە بەکار دێت لە دروستکردنی دەرمان و بۆن و زەیتدا. سەلمێنراوە کە یارمەتیدەرە بۆ بوونی تەندروستییەکی باش، کاریگەرییە هێورکەرەوەکانی دەتوانێت ببێت بە هۆکاری بوونی خەوێکی باش، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام دراوە ئەوە سەلمێنراوە کە لاڤێندەر بەسوود و کاریگەرە بۆ یارمەتیدانی خەوتن لەو ئافرەتانەی کە تازە منداڵییان بووە، ئەو کەسانەی توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجام دراوە بۆنی لاڤێندەریان هەڵمژیوە پێش خەوتن بۆ ماوەی ٨ هەفتە.

 

بەم ڕێگایانە دەتوانرێت لاڤێندەر بەکار بهێنرێت

  •     چەند دڵۆپێک لە زەیتی لاڤێندەر دەخرێتە ئەو بڵاوکەرەوەی بۆنەی کە نزیکە لە جێگای نوستنەوە.
  •     زەیتی لاڤێندەری خەستی کەمکراوە دەدرێت لە ناوچاوان و چواردەوری لوت.
  •     چەند دڵۆپێکی کەم لە زەیتی لاڤێندەر بخرێتە سەر سەرین.
  •     لاڤێندەری وشککراوە بە شێوەی چای سەفەری بەردەستە و دەتوانرێت بەکار بهێنرێت.

 

جگە لە رێککردنەوەی کاتی نوستن لاڤێندەر ئەم سودانەشی هەیە

  •     کەم کردنەوەی ئازار.
  •     چالاککردنی سوڕی خوێن.
  •     پێست پاک دەکاتەوە.
  •     ئازاری ناوسک کەم دەکاتەوە.
  •     سەرئێشە کەم دەکاتەوە.
  •     کێشەکانی هەناسەدان کەم دەکاتەوە.

هەمیشە زەیتی لاڤێندەر دەبێت خەستییەکەی کەم بکرێتەوە پێش بەکارهێنان بە تێکەڵ کردنی لەگەڵ ئاو یاخود زەیتێکی دیکەی وەک زەیتی زەیتوون. هەروەها پێویستە لەسەر بەشێکی بچووکی پێست تاقی بکرێتەوە پێش بەکارهێنان، بە شێوەیەک کە بڕێکی زۆر کەم و بە چینێکی تەنک لە تێکەڵەی زەیتەکە لەسەر بەشێکی بچووکی قۆڵ بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر هیچ سووربوونەوەیەک ڕووی نەدا تاکوو ٢٤ کاتژمێر، کەواتە بەکارهێنەر دەتوانێت بێ ترس زەیتەکە بەکار بهێنێت،هەروەها زەیتی لاڤێندەر بە هیچ شێوەیەک ناخورێت.

 

سەرپەیڤ