تشرینی یه‌که‌م 27, 2022 18:40 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرەخۆشی تورکیا دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی شاری شیرازی ئێران

دەزگای دیپلۆماسیی تورکیا لە پەیامێکی جیاوازدا بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر مەزارگەی شاچراغ لە شاری شیرازی ئێرانی کرد.

ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ شاری شیراز که‌سانێکی چه‌کدار هێرشیان کرده‌ سه‌ر مه‌زارگه‌ی شاچراغ و له‌ ئاکامدا ١٥ که‌س شەھید کران و نزیکەی ٣٠ که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون. ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە داعش بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆ گرت، کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بە دوای خۆی دا ھێنا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و «مەولود چاوش ئۆغڵو» کە سەرۆکی ئەم وەزارەتەیە، پەیامی جیاجیایان بۆ شەرمەزار کردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییە ئاراستە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕادیۆ-تەلەفزیۆنی TRT، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە و نوسیویەتی "بەداخێکی زۆرەوە ئاگاداری کوژرانی (شەهیدبوون) و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران بووینەوە لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر مەزارگەی شاچراغ لە شاری شیرازی ئەم وڵاتە. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دەکەین و داوای ڕەحمەتی ئیلاھی بۆ قوربانیان دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆشمان بە کەسوکاری قوربانیان و خەڵک و حکومەتی دۆست و برای وڵاتی "ئێران" ڕادەگەیەنین و بریندارانی کارەساتەکەش ئاواتی چاکبوونەوەی خێرا دەخوازین.

هەروەها «مەولود چاوش ئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تویتەر نووسیویی: "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەون و خیانەتکارانەیە دەکەین کە دژی  مەزارگەی پیرۆزی شیعەکان لە شاری شیراز ئەنجامی گرتووە.

«چاوش ئۆغڵو» دوعای ڕەحمەتی بۆ قوربانیانی ئەم هێرشەو چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان کرد. زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەوانە ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان، دوێنێ چەند کاژێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکەی سەر مەزارگەی شاچراغ، ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان شەرمەزار کرد.

 

 

سەرپەیڤ