نیسان 25, 2023 18:44 Asia/Tehran
  • چاوشئۆغڵو:کشانەوەمان لە باکووری عێراق و سووریا بەواتای راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانە، کاری وا ناکەین

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاند: کشانەوەمان لە باکووری عێراق و سووریا بەواتای راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانە، دیارە ئێمەش ئاسایشی نیشتمانییمان لە هەموو شتێک پێ گرنگترەو لە ئێستادا ناکرێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا «مەولود چاوشئۆغڵو» لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاند:لەئێستادا کشانەوەی تورکیا لە باکووری عێراق و سووریا جێگەی باس نییە، چونکو کشانەوە لە باکووری عێراق و باکووری سووریا، واتە راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان، واتە هاتنی تیرۆریستان بۆسەر سنوورەکانمان. ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر مانەوەمان و کاری وا ناکەین.

ناوبراو هۆشداریی دا لەبارەی ئەوەی کە بە کشانەوەی تورکیا لە خاکی سووریا بۆشاییەک دروست دەبێت کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە پڕدەکرێتەوەو گوتی: ''ئۆپۆزسیۆن دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات رادەگرێت. باشە ئەوە کشاینەوە، ئەی بۆشایی ئەوێ کێ پڕی دەکاتەوە؟ رێکخراوە تیرۆریستییەکان؟.

چاووشئوغلو جەختی لەوەش کردەوە کە، ئایا ئێمە بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بەشێکی زۆری ئەو تیرۆریستانەمان دەرنەکردووە؟ بەڵێ. کاتێک کشاینەوەو ئەمانە هاتنە سنوورەکانمان ئەوا  هەموو رۆژێک لە تورکیادا تەقێتەوەیەک ڕوو دەدات. دیارە ئێمەش ئاسایشی نیشتمانییمان لە هەموو شتێک پێ گرنگترە.

وتیشی: ئێمە لێرەدا قوربانیی دەدەین، بۆچی؟ لەبەرئەوەی خاکەکەمان لە ئارامیدا بێت. ئێمە بۆ خۆشی قوربانیی نادەین و چاومان لە خاکی سووریا نییە. کاتێک ئاسایشێکی تەواو لێرەدا دامەزراو پرۆسەی سیاسیی کاری کرد و ئارامیی ناوخۆ دەستەبەر بوو، ئەوسا وڵاتەکەمان لە ئارامیدا دەبێت. بەڵام لەئێستادا ناکرێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێین بۆ کشانەوە، چونکە بەلای ئێمەوە هەڕەشەی جیددی دروست دەکات بۆ بابەتی ئاسایشی نیشتمانی.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد کە ئەو هەڵبژاردنانەی لە ١٤ی ئایاردا لە تورکیا ئەنجام دەدرێن هەڵبژاردنێکی هەستیار دەبێت و گوتی: ''ئێمە باش ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەبینین.ھەرلەخولی یەکەمدا، سەرکۆمارەکەمان دووبارە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێتەوە، راپرسییەکانیش هەر وا دەڵێن. ٤-٥ راپرسیی ناوخۆیی هەیە. راپرسییە بیانییەکانیش دەبینین. باڵیۆزخانەکانیش لە ئەنقەرە بەردەوام راپرسی دەکەن بۆ ئەوەی تابلۆی سیاسیی لە تورکیا ببینن.

 مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکیش دا سەبارەت بە ئەگەری چاوپێکەوتنی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریاش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە،بەڵام پێویستە لەسەر ئەم نەخشەڕێگایە بکرێت کە پرۆسەی سیاسیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی وڵات لەخۆ دەگرێت.

سەرپەیڤ