ئه‌یلوول 15, 2018 17:53 Asia/Tehran
  • مێرکل هەڵوەشانی گەمارۆکانی سەر رووسیای ڕەت کردەوە

سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان بەڕەت کردنەوەی هەڵوەشاندنی ئابلۆقەکانی ڕووسیا، ئەو کردەی مەرجدار کرد بە پێبەندبوونی تۆکمەو تەواوی مۆسکۆ بە ڕێککەوتنی مینسک.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئاڵمان، ئانگێلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان بەپێداگری لەسەر درێژەی گەمارۆکانی یەکێتی ئوروپا لەدژ ڕووسیا، وتی: بەرلەوەی ئوروپا بیەوێ ئابلۆقەکان هەڵوەشێنێ، مۆسکۆ دەبێ لەپێناو جێ بەجێ کرانی تۆکمەی بەڵێنەو پەیمانەکانی لە ڕێککەوتنی مینسک هاوپێوەند بەئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین هەنگاو هەڵبگرێ.

مێرکل کە رۆژی هەینی لەسەفەر بۆ وڵاتانی دەڤەری بالتیک و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی لیتوانی، ئەستۆنی و لێتۆنی قسەی دەکرد، وتی: ئوروپا پێش جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی مینسک و یان پێشکەوتنی لەو بارەوە، بڕیارێکی نییە بۆ هەڵوەشاندنی گەمارۆکانی ڕووسیا چونکە ئاشتی وگەڕاندنەوەی یەکپارچەیی ئۆکراین گرینگە.

ڕێککەوتننامەی ئاشتیی مینسک، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئۆکراین مۆرکرا بەڵام ئەو ڕێککەوتنە قەت بەتەواوەتی جێ بەجێ نەکرا.

ئابلۆقەکانی یەکێتی ئوروپا لەدژ ڕووسیا، لەساڵی٢٠١٤ـەوەو پاش ناکۆکی لەسەر قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین و خودانەتی نیمچەدوورگەی کریما سەپێندراو کەرتەکانی وزە، چەکەمەنی و بەشی دراڤیی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج.

ڕووسیا، هەردەم پێی داگرتووە، ئابلۆقەکانی یەکێتی ئوروپا کارتێکەریی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە نەبووە.

سەرپەیڤ