ئاب 13, 2022 07:41 Asia/Tehran
  • ژمارەی نوقمبووانی بەلەمەکەی دەریای ئیجە زیادیکرد

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی نوقمبووانی بەلەمەکەی دەریای ئیجە 51 کەس نەبوون، بەڵکو 64 کەس بوون و بەلەمەکەش 93 سەرنشینی تێدابووە نەک 80 سەرنشین و ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی کە بێسەروشوێنن کوردن.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە، بەلەمێک لە دەریای ئیجە نوقم بوو کە 80 سەرنشینی تێدابووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەکان کە بەدەست ئێمە گەیشتووە بەلەمەکە 93 سەرنشینی تێدابووە و 64 کەسیان بێسەروشوێنن 29 کەسیان ڕزگارکراون.

ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی ڕزگارکراون نەخراونەتە کامپەوە، بۆیە تائێستا هیچ زانیارییەک بە ئێمە نەدراوە، بەڵام ئەو کەسانەی لە بەلەمەکە نوقمبوون کورد، فارس، تورک و ئەفغانی تێدایە و ئێمە سەرقاڵی وەرگرتنی زانیارین لەسەر قوربانییەکان.

ڕاشیگەیاند، ئەو 29 کەسەی ڕزگاریان بووە لەبەشی سەرەوەی بەلەمەکە بوون و تائێستا چارەنووسی ئەو 64 کەسەی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.