نمایشی دۆستایەتی لە ئاهەنگی بەربانگی باڵوێزی ئێران لە بەغدا
باڵوێزی عەرەبستان لە بەغدا لە ئاھەنگی بەربانگی باڵوێزی ئێران لە بەغدا ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە گرنگ نرخاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «عەبدولعەزیز ئەلشەمەری» باڵوێزی عەرەبستان لە بەغدا، شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە لە پەراوێزی ئاهەنگی بەربانگی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، ڕوونی کردەوە کە، ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان تاران و ڕیاز، جگە لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، کاریگەری لەسەر دۆخی ناوچەکەش دەبێت.
باڵوێزی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەوان باڵوێزی عەرەبستان، سوریا و فەلەستین، میوانی تایبەتی ئێوارەخوانی بەربانگی باڵوێزی ئێران لە بەغدا بوون. ئەم ئاهەنگەی بەربانگ بە ئامانجی یەکگرتنی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەڕێوەچوو.

«محەمەد کازم ئەلسادق» باڵوێزی ئێران لە بەغدا، لە پەراوێزی ئەم ئاھەنگەی بەربانگ دا ڕایگەیاند: ئاھەنگی بەربانگ بوو بە دەرفەتێک ھەتا بە گێڕانەوە لە باڵوێزانی وڵاتانی عەرەبی وتووێژی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئوممەتی ئیسلامی ئەنجام بگرێت.

بە وتەی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، لەم ئاھەنگەدا باسی ڕۆژی جیهانیی قودسیش کرا و هیوادارین ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی قودس لە وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی دیکە بە باشی بەڕێوە بچێت.
«سەتام ئەلدەندەح» باڵوێزی سوریا لە بەغداش ڕایگەیاند: دیدارو گفتوگۆ لە میانەی ئاهەنگی بەربانگی باڵوێزی ئێران لە بەغدا دۆستانە بووە، پێشبینیش دەکرێت وڵاتانی ئیسلامی ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بزانن کە دوژمنی هاوبەشیان ڕژێمی ئیسرائیلە، ئەم ڕژێمەش لە پەیوەندیی باشی نێوان وڵاتانی عەرەبی-ئیسلامی مارەنگازو توڕەیە.
«ئەحمەد ئەلعەقل» باڵوێزی فەلەستین لە بەغداش، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی هەواڵدەریی ئێرانپرێس، ڕایگەیاند، ڕۆژی قودس هۆکاری یەکانگیربوونی موسڵمانانەو تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ئوممەتی ئیسلامی، قودس و سەرزەوینی فەلەستین ڕزگار دەکرێت.
