سەرکەوتنی تیپی تۆپی پێی نابینایانی ئێران بەرامبەر ئۆزبەکستان
هەڵبژاردەی تۆپی پێی نابینایانی ئێران لە چوارچێوەی پاڵەوانێتیی ئاسیا و زەریای هێمن و بەدەستهێنانی پشک بۆ یارییەکانی پارائۆلەمپیکی پاریس، لە هەڵبژاردەی ئۆزبەکستانی بردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، تیپی تۆپی پێی نابینایانی ئێران لە دووهەمین یاریی کۆمەڵەی خۆیدا لە چوارچێوەی کێبەرکێی هەڵبژاردنی پارائۆلەمپیکی پاریس کە لە هیندستان خەریکە بەڕێوە دەچێت، بە ئەنجامی ٦-٠ لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی نابینایانی ئۆزبەکستانی بردەوە.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی نابینایانی ئێران لە یەکەم یاریدا بە ئەنجامی ٨-٠ لە هەڵبژاردەی ئوسترالیای بردەوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە) هەڵبژاردەی ئێران ڕووبەڕووی تیپی تۆپی پێی نابینایانی ژاپۆنیش دەبێتەوە.
تۆپی پێی نابینایانی ئێران لە کۆمەڵەی دووهەمی پاڵەوانێتیی ئاسیاو زەریای هێمن دایە و لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئوسترالیا، ژاپۆن، ئۆزبەکستان و کۆریای باشوورە.
کێبەرکێی تۆپی پێی نابینایانی ئاسیا و زەریای هێمن لە ڕۆژی شەممە ١٢ی ئەم مانگە دەستی پێکردووە و ڕۆژی هەینی ئەم حەوتەیە کۆتایی پێ دێت.
تیپەکانی تۆپی پێی نابینایانی وڵاتانی ئێران، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئوسترالیا، ئۆزبەکستان، هیندستان، چین، تایلەند، مالیزیا و کازاخستان بەشداری ئەم کێبەرکێیانەن.