دووبەرەکییەک لە ئارادا نییە ، ھەینی بێت یان شەممە، جەژنی ڕەمەزان لە ھەموو لایەک موبارەک و پیرۆز بێت
دووبەرەکییەک لە ئارادا نییە، لە ھێندێک وڵاتی ئیسلامی دا ھیلالی مانگ بەدی کراوەو لە ھێندێک وڵات دا بەدی نەکراوە، با دوژمن دڵخۆش نەبێت.
لە ھێندێک لە وڵاتانی ئیسلامی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ئەمڕۆ ھەینی وەک یەکەم ڕۆژی مانگی شەووال و ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ڕاگەیەندراوە، لە ھێندێک وڵاتی دیکەش ڕۆژی شەممە کراوە بە جەژن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ھێندێک وڵات دا ھلالی مانگی شەووال بەدی کراوەو لە ھێندێک وڵاتی دیکەش نا، کە دیارە ئەمەش بە واتای جیاوازی و دووبەرەکی نێو موسڵمانان نییەو با دوژمن دڵ بەو دووچەشنییە خۆش نەکات، ئەوانەی کە ئەمڕۆ ھەینییان کردووە بە جێژن پیرۆزیان بێت و ئەوانەش کە ڕۆژی شەممەیان وەک جەژن دیاری کردووە خودا لەوانیشی موبارەک و پیرۆز بکات. گرینگ ئەوەیە ھەردووک لا پاداشتی مانگێک پشوودرێژی و دان بەخۆداگرتن وەردەگرن، بەڵام ئا لەم ساتەوەختەدا ڕەنگە جوانترین دۆعا ئەوە بێت کە خودا بکات ھەموو چرکەوساتێکمان ڕەمەزانی بێت، وەک چۆن لە تەواوی ئەم مانگە پیرۆزەدا خۆمانمان لە ھەموو کردەوەیەکی حەرام و تەنانەت تەنانەت مەکروھیش دەپاراست.
جەژنی ڕەمەزان بە ھەینی و شەممەوە لە ھەموو ئوممەتی ئیسلامی موبارەک و پیرۆز بێت.