له هیندستان دایناسۆرێكی ته‌مه‌ن 167 میلۆن ساڵی دۆزرایه‌وه
زانایانی په‌یمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای ڕۆركی هیندستان و ڕووپێوی جیۆلۆجی هیندستان له ڕۆژئاوای هیندستان، له‌كاتی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵكۆڵین به‌دوای شوێنه‌واره مێژووییه‌كان، پاشماوه‌ی دایناسۆره ڕووه‌كخۆره‌كانیان دۆزیوه‌ته‌وه كه 167 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیاون.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی " Press Trust of India"، كاره‌كانی هه‌ڵكۆڵینه‌كه چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له بیابانی تار له نزیك شاری جایسالمێر له ویلایه‌تی ڕاجستان ده‌ستی پێ كردووه. ئه‌و به‌ردبووانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه سه‌ربه دایناسۆرێكی دیكرایۆساوروسن. زانایانی شوێنه‌وارناسی باسیان له‌وه كرد، توانیویانه به‌شێك له بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌م ئاژه‌ڵه كۆنه ده‌ربهێنن له‌گه‌ڵ ئێسكی مل و شان و كلك.
زانایانی هیندستان ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، باسه‌كه له‌سه‌ر جۆرێكی نوێی دایناسۆره كه ناویان ناوه Tharosaurus indicus ، به ناوی بیابانی ته‌هار كه هه‌ڵكۆڵینه‌كان تێیدا ئه‌نجام ده‌درێن.
جێی سه‌رنجه دایناسۆره‌كانی خێزانی دیكریۆساوروس، له سه‌رده‌می جوراسی ناوه‌ڕاستدا ژیاون و تایبه‌تمه‌ندن به ملێكی درێژ و سه‌ر و كلكێكی بچووك، ئه‌ندامی زه‌به‌لاحی هاوشێوه‌ی پێی فیله‌كانی هاوچه‌رخ بووه. ئه‌مه یه‌كه‌مجاره كه پاشماوه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه له هیندستان بدۆزرێته‌وه.