May 09, 2023 19:04 Asia/Tehran
  • ھێرشی دووبارەی زایونییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە

لەشکریانی ڕژێمی زایۆنی بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر ڕۆژهەڵاتی شاری خان یونس کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایونی لە هێرشێکی لەناکاودا بە ناوی "قەڵغان و تیر" ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج.

وەزارەتی تەندرووستیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشەدا ١٣ فەلەستینی شەهید بوونە و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بریندار کراون لەوانە چەند ژن و منداڵ. هەروەها سێ ئەندامی باڵای بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش لە نێو شەهیداندا بەدی دەکرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی شەهاب، پاش هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕووی دا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش زایۆنیستەکان دەستیان بە هێرشی ئاسمانی کرد.

سەرچاوە زایۆنیستییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا ناوەندێکی چاودێری و ماڵە باخێک لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی «ئەلقەرارە» لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس کراونەتە ئامانج.

کەناڵی هەواڵدەریی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، ئەم هێرشانە لەلایەن فڕۆکەیەکی شەڕکەرەوە ئەنجامدراوە و لەو ماوەیەشدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە خەباتکارانی فەلەستینی کراوەتە ئامانج. دوای ئەم هێرشە دوو فەلەستینی کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون شەهید بوونە.

لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە "دوژمنی زایۆنی بە بەرپرسیاری یەکجاریی ئەم کوشتارە تیرۆریستییە خیانەتکارانەیە" دەزانێت، ڕوونیشی کردەوە کە دوژمن بەم تاوانە بە ئامانجەکانی خۆی ناگات. چونکە بەرگری یەکگرتووە و پێگەکانی جێگیرن. وەڵامدانەوەی فەلەستین بۆ ئەم کۆمەڵکوژییە دواناکەوێت و سەرایا قودس لەگەڵ لایەنە خۆڕاگرەکانی دیکەدا هەرگیز سەندنەوەی  تۆڵەی خوێنی پاکی ئەو شەهیدانە خەمساردی نانوێنێ.

سەرپەیڤ