ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: دەرەنجامی ھەڵمەتەکەی باھۆزی ئەقسا جیهانی هەژاند
وەزیری دەرەوەی ئێران له دیدارێکدا له گەڵ «هەنیه»ی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس ، وێڕای پیرۆزکردنی دووبارەی پاوەجێیی و خۆڕاگری و سەرکەوتنی نەتەوەی فەلەستین و جەماوەری پشوودرێژو خەباتکاری غەززە، وتیشی: دەرەنجامی ھەڵمەتەکەی باھۆزی ئەقسا جیهانی هەژاند.
لەم دیدارەدا «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وتیشی: هەرچەندە زیانە مرۆییەکانی نەتەوەی فەلەستین لە کەرتی غەززە گەلێک زۆرو تاڵ و ناخۆش بوو، بەڵام ڕەهەندەکانی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی نەتەوەی فەلەستین زۆر گەورەتر بوون و هاوسەنگییە ستراتیژییەکانی لە ڕووی جۆربەجۆرەوە لە بەرژەوەندیی فەلەستین و بە زیانی ڕژێمی داگیرکەرو دەستدرێژکارو دڕندەی زایۆنیی شکاندەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە بانگەشەی سەرەتایی سەرۆک وەزیرانی شکستخواردووی ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ ئەمەی کە ئامانجی هێرش بۆ سەر غەززە لە نێوبردنی حەماسە، وتی: ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیل سەرەڕای پتر لە مانگ و نیوێک دەست درێژکاری و شەڕی ملھوڕانە دەستکەوتێکی سەربازیی بەرچاویان لە بەرەی شەڕدا مسۆگەر نەکردووەو پێملی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس بوون بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و وەرگرتنەوەی گیراوەکانیان.
«ئیسماعیل هەنیە» سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسیش وێڕای سوپاسبێژی کردنی پشتیوانیی لێبڕاوانەی ڕابەرایەتی،سەرۆک کۆمار،حکومەت و خەڵکی ئێران و هەروەها پاڵپشتیی دیپلۆماسیی ئێران لەکێشەی فەلەستین و گەلەکەی، بەتایبەت لە ڕەوتی شەڕی دژی غەززە، دوایین دۆخی خۆڕاگری و پاوەجێیی غەززەو ڕەهەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتییەکەی شی کردەوە.
بەڕێزی هەروەها پشتیوانیی جیهادیانەی بزوتنەوەکانی خۆڕاگریی لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریا لە خوشک و براکانیان لە غەززەی بە جێگای شانازی و ھەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا زانی.