کانونی دوھەم 28, 2024 11:30 Asia/Tehran

گرووپە خۆڕاگرەکانی فەلەستین لە کاردانەوە بە بڕیاری دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی لەبارەی سکاڵای ئەفریقای باشور دژ بە رژیمی زایۆنیستی، خوایاری گوشارهێنانی زیاتر بۆ ئەو رژیمە بوون.

بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پێشوازی لە دەنگی دادگەی لاهە لەدژ رژیمی زایۆنی، رایگەیاند، ئەو بڕیارە، تانەکانی هاوپێوەند بە کۆمەڵکوژیی و ژینۆساید لەلایەن زایۆنییەکانی سەلماند و لە سوپای ئەو رژیمە داوا کراوە ژینۆساید و کردەی دنەدەرانە دژ بە فەلەستینیەکان ڕابگرێ.

بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستینیش، دادگەی لاهەی شەرمەزار کرد لەبەر ئەوەی ڕێگەی نەداوە بڕیارێکی ڕوون بگیردرێ بەمەبەستی ئەرکمەندکردنی رژیمی زایۆنیستی بە دامەزراندنی ئاگربەسی خێرا، سەرباری دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی ئەو دادگەیە بە ژینۆسایدی دوژمنی زایۆنی دژ بە دانیشتووانی غەززە و پێی داگرت؛ ئەو هەڵوێست گرتنە دەربڕی ئەوەیە کە دەسەڵاتە شەڕخوازەکان لە جیهاندا، زاڵن بەسەر هەموو ڕێکخراوە مافەوانییەکانی جیهان لەئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان و پێشێلکردنی مافی ستەملێکراوان.

وەزیری دەرەوەی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینیش وێڕای پێشوازی لە بڕیاری دادگەی لاهە وتی کە دیوانی نێونەتەوەیی سزا، بە قازانجی مرۆڤایەتی و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەنگی داوە.

ریاز ئەلمالکی هەروەها وتی کە ئێستا، ئیلزاماتی مافەوانیی ڕوون لەبەردەست بۆ وەستاندنی شەڕ و ژینۆسایدی فەلەستینیان لە غەززە بەدەست ئیسرائیل.

بڕیاری دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی لەگەڵ کاردانەوەی جۆربەجۆری وڵاتانی جیهاندا بەرەوڕوو بووە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا پێشوازیی کرد لە بڕیاری دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانیی لەپەیوەندی لەگەڵ دۆسییەی ژینۆسایدی رژیمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززەو خوازیاری راگیرانی هێرشی سەربازیی زایۆنییەکان لە غەززە بوو.

عەرەبستانیش لە کاردانەوە بە دەنگی دیوانی لاهە دژ بە رژیمی زایۆنیستی رایگەیاند، لێبڕاوانە، کردەکانی ئیسرائیل شەرمەزار و پاڵپشتی دەکا لە دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانیی.

"جۆئان دونوگو"ی دادوەری دادگەی لاهە سەرلەئێوارەی رۆژی ڕابردوو لە کۆڕی دەرکرانی بڕیار لەبارەی سکاڵای ئەفریقای باشور لە رژیمی زایۆنیستی سەبارەت بە ڕوودانی ژینۆساید لە غەززە، پێی داگرت: ئێمە لەحاند درێژەی کوشت و بڕی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، نیگەران و بە پەرۆشین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوریش پێی داگرت؛ بڕیاری دادگەی لاهە، سەرکەوتنێکی شێلگیرانەیە بۆ سەروەریی یاساو خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگیشە لە گەڕان بەدوای دادگەریی بۆ گەلی فەلەستین.

یەکێتی ئوروپاش پێشوازیی کرد لە بڕیاری دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی لەمەڕ ژینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززەو خوازیاری جێبەجێکرانی بەتەواوەتی و کارای ئەو بڕیارە بوو.

لەکاتێکدا کە ژماری لە شارەزایان پێیان وایە، دیوانی دادەوانیی نێونەتەوەیی بەو بڕیارەی، ئەمریکاو رژیمی زایۆنی تەریک خستەوەو بەرەوڕووی ئاستەنگێکی جیددیی کردووە، "ستێفان راب "ی باڵوێزی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری هاوپێوەند بە تاوانە جەنگییەکان لەو بارەوە وتی: ئەمریکا ناتوانێ پاڵپشتی پێبەندنەبوونی ئیسرائیل بەو بڕیارە بێ چونکە ئەمریکا بەرلەوە هەردەم داکۆکی دەکرد لە فەرمانەکانی دادگەی ناوبراو سەبارەت بە ئۆکراین، میانمار و سوریا.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاردانەوە بە دەرکرانی دەنگی دیوانی لاهە لەدژ رژیمی زایۆنیستی پێی داگرت؛ بڕیارەکانی دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی، ئیلزامهێنەو گۆترێش خێرا ڕاگەیێندراوی هەنگاونانە پیویستەکانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانیی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

سەرپەیڤ