کانونی یه‌که‌م 19, 2022 06:02 Asia/Tehran
  • میری قەتەر: ئەرک و بەڵێنی خۆمان بەجێ ھێنا

میری قەتەر لە پاش کۆتایی ھاتنی سەرکەوتووانەی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ لە خاکی وڵاتەکەی پەیامێکی ئاراستەی تەواوی گەلانی جیھان کردو ڕایگەیاند: سەرەنجام سەرکەوتوو بووین لە بەجێ ھێنانی ئەرک و بەڵێنەکانمان.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیا عەرەبییەکانەوە، «تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەر شەوی ڕابردوو لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی سەرکەوتووانەی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی لە وڵاتەکەی دا پێی داگرت: ئێمە بەڵێنی خۆمان لەمەڕ بەڕێوەبردنی مۆندیالێکی ناوازە لەسەر خاکی وڵاتێکی عەرەبی جێبەجێ کرد.

وتیشی: لەم رێگایەوە توانیمان جیهان لەگەڵ کلتووری دەوڵەمەندی قەتەر و بەها رەسەنەکانی ئەم وڵاتە عەرەبییە ئاشنا بکەین.

«تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» وێڕای پیرۆزبایی کردن لە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانێتیی مۆندیالی جیهان، مسۆگەر کرانی پلەی دووھەمیشی لە هەڵبژاردەکەی فڕەنسا پیرۆز کرد.

میری وڵاتی عەرەبیی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە کە، سوپاسی هەموو هەڵبژاردەکان دەکەین کە یارییەکی ئاست بەرزییان پێشکەش کرد و سوپاسی هاندەرانیش دەکەین کە بە بەوپەڕی گڕوتینەوە هانی هەڵبژاردەکانیان دا.

شەوی ڕابردوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەردا بە لێدانی سزا لە هەڵبژاردەی فەرەنسای بردەوە و بوو بە پاڵەوانی ئەم خولەی مۆندیاڵی جیھان.

سەرپەیڤ