درێژەی وەڵامدانەوەی وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر بە سووکایەتیی سویید بە قورئانی پیرۆز
کاردانەوەی وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سویید بەردەوامە.
ژمارەیەک گروپی توندڕەو لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم ئاگریان لە قورئانی پیرۆز بەردا. "ئۆلا ستێرلینگ"، وتەبێژی پۆلیسی سویید، دانی بەوەدانا کە گڵۆپی سەوزی بۆ گروپێکی توندڕەو هەڵکردووە بۆ ئەوەی لە بەردەم باڵوێززخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم سوکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان کردەوەی دەسەڵاتدارانی سوییدی لە پێدانی مۆڵەت بە کەسێکی توندڕەوی بۆ سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز شەرمەزار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا، سوکایەتی کردن بە قورئانی پیرۆز و سووتاندنی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدی ئیدانە کرد.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر دژایەتیی ئۆردۆن بەرامبەر بە هەر کارێک کراوە کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ڕق و کینە و توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
هەروەها لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات وێڕای ئیدانەکردنی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، جەختی لە دژایەتی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ هەر کارێک کە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بێت و دژی بەها و پرەنسیپە مرۆیی و ئەخلاقییەکان بێت.
هەروەها «نایف ئەلحەجرەف» سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارەی دەسەڵاتدارانی سویید، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەفتارە قبوڵنەکراوانە جێبەجێ بکات.
پێشتریش تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کارەی سوییدیان لە پێدانی مۆڵەت بۆ سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز شەرمەزار کردبوو.