حوزه‌یران 30, 2024 11:05 Asia/Tehran

سەید حەسەن نەسرووڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە پەیامێکدا پێیداگرت لەسەر بەردەوامبوونی ڕێگای شەهیدان.

حەسەن نەسروڵڵا بە ناردنی پەیامێک بۆ کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی شەهیدانی بەرەڤانی پیرۆز و بەرەی خۆڕاگری لە مەشهەدی موقەدەس پێیداگرت: ئێمە بە خوێنی خۆمان بەرامبەر بە تاغووت و زاڵمان ڕاوەستاوین و شەهیدانی مەزنمان هەر دوو خێری سەرکەوتن و شەهیدبوونیان پێکەوە بەنیسب بووە، ئێمە شانازی دەکەین بە شەهیدەکانمان و ئەوەی کە پێشکەشیان کرد، ئێمە شانازی دەکەین بە سەبر و پشوودرێژیی بنەماڵەکانیان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئۆمەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە و فەلەستینی داگیرکراو سەرباری دەیان هەزار وشەهید و بریندار ، سەرباری ئەو هەموو ئاوارەیی، برسێتی ، گەمارۆ و ژینۆسایدەی دەرحەقیان دەکرێ، هەرگیز پاشگەز نەبوونەوە لە خۆڕاگری، بەرەکانی خۆڕاگری بەتایبەت لوبنان، یەمەن و عێراقیش هەرگیز دەسبەرداری پاڵپشتی کردنیان نابن.

نەسروڵا وتیشی: دەسکەوتی خۆڕاگری شتێک نییە جگە لە ئازادیی فەلەستین لە ژێر داگیرکەری زایۆنییەکان و ئازادیی هەموو ناوچەکەمان لە ژێر زوڵم و زۆر و زاڵێتیی ئەمریکا و گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و ماندوونەناسانەیە، ئێمە دەبێ یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و کەس نابێ بەگومان بێ لەو گشتە فیداکارییە و یان لاواز بێ و یان ڕاوەستێ و درێژە بە ڕێگاکەی نەدات، لەم سەردەمەدا خوای گەورە نیعمەتێکی بێوێنەی بە نیسبی ئێمە کردووە کە هەمان کۆماری پیرۆزی ئێرانی ئیسلامییە، حکومەتێکی پیرۆز، خەڵکێکی فیداکار و لەخۆبردوو،  و ڕێبەرێکی لێهاتوو و لێزان، بوێر و ساڵح، ئیمام عەلی خامەنەیی "دام ظله العالی".

سەرپەیڤ