تشرینی یه‌که‌م 31, 2024 10:10 Asia/Tehran

حیزبوڵڵای لوبنان لە درێژەی هەڵمەتەکانی دژ بە رژیمی زایۆنی، ئەمڕۆ چوارشەممەش چەندین پێگەو بنکەی ئەو رژیمەی مووشەکباران کرد.

سەرچاوە زایۆنییەکان رایانگەیاند ، خۆفڕێکی جەنگی لە وەرشەیەکی بەرهەمهێنانی پارچەو ئامێرەکانی فڕۆکە لە ناوچەیەکی پیشەسازیی هەڵکەوتوو لە شارۆچکەی زایۆنی نشینی "نەهاریا" لە باکوری سەرزەوینە داگیرکراوەکان تەقیوەتەوە. چەند سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایانگەیاندووە، پاش هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، کارەبای پێگەکانی سوپای زایۆنی لە ناوچە سنوریەکانیش بڕاوە. هەواڵنیری ئەلمەیادینیش ڕایگەیاند، شارۆچکە زایۆنی نشینەکان لە "اصبع ئەلجەلیل" بەچڕی مووشەکباران کراون.

لەهەمان کاتدا، حیزبوڵڵای لوبنان ئەمڕۆ لە چەند بەیاننامەی جیاجیادا ڕایگەیاند، لە هێرشە جۆربەجۆرەکانیدا، زەبری قورسی لە سوپای ترۆر داوە. لە بەیاننامەی یەکەمی حیزبوڵڵادا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی جێگیربوونی چەکدارانی زایۆنی لە ناوچەی "ئەلعەمرا" هەڵکەوتوو لە باشوری ئەلخەییاممان مووشەکباران کرد. لە بەیاننامەی دووەمیشدا هاتووە کە حیزبوڵڵا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ناوچەی ئەلعەمرای بە مووشەک پێکاوە. حیزبوڵڵا لە بەیاننامەی سێیەم و چوارەمیشدا پێی داگرت: ئەمڕۆ، ناوچەی "ئەلیەعقوسە"مان مووشەکباران کرد.

سەرچاوە زایۆنییەکانیش ڕایانگەیاند، زەنگەکانی مەترسی لە ناوچە باکوریەکانی سەرزەوینە داگیرکراوەکان لێدراون. سوپای رژیمی زایۆنیش، ئەمڕۆ پەلامارەکانی بۆسەر ناوچە باشوریەکانی لوبنان دەسپێکرد کە دەگەڵ وەڵامدانەوەی گورچکبڕی حیزبوڵڵادا بەرەوڕووبووە. بەپێی ڕاپۆری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، پەلامارەکانی رژیمی زایۆنی تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و ٦٠٠ شەهیدو هەروەها پتر لە ١٢هەزار و٤٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە.

حیزبوڵڵای لوبنان لەهەمبەر بەئامانج گیرانی خەڵکی سیڤیل لەو وڵاتەدا بێ دەنگەی نەکردووە، بەڵکوو هەر لە یەکەم سات و کاتەکاندا، هەڵمەتی جۆراوجۆری بەدژ بنکەو پێگەو شارۆچکە زایۆنی نشینەکان لە باکوری فەلەستینی داگیرکراوی خستووەتەنێو بەرنامەی کارەوە، بە تێگرتنی بەسەدان مووشەک، پێگەو بنکەکانی سوپای رژیمی زایۆنی مووشەکباران کردووەو هەرواش درێژە دەدا بە هەڵمەتەکانی دژ بە سوپای ترۆری زایۆنی و چەک و چۆڵ و کەرەستە جەنگییەکانی لە شەڕی ویشکانیدا.

سەرپەیڤ