درێژەی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر خاکی لوبنان و سووریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i445668-درێژەی_پەلامارەکانی_رژێمی_زایۆنیستی_بۆسەر_خاکی_لوبنان_و_سووریا
رژێمی زایۆنیستی لە درێژەی دەسدرێژکارییەکانی بۆسەر ناوچە، پەلامارەکانی بۆسەر خاکی سووریاو لوبنانیش بەردەوام کردووە.
(last modified 2026-07-27T13:09:57+00:00 )
ته‌مووز 27, 2026 16:40 Asia/Tehran
  • درێژەی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر خاکی لوبنان و سووریا

رژێمی زایۆنیستی لە درێژەی دەسدرێژکارییەکانی بۆسەر ناوچە، پەلامارەکانی بۆسەر خاکی سووریاو لوبنانیش بەردەوام کردووە.

بەپێی راپۆری سەرچاوە هەواڵییەکانی لوبنان، سوپاری رژێمی زایۆنیستی دوێنێ و ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانی تۆپباران کردووە.
ماڵپەڕی ئەلعەهد ڕایگەیاند، رژێمی زایۆنیستی چەند ناوچەیەک لە دەورووبەری بەرزاییەکانی "عەلی تاهیر" لە ناوچەی نەبەتییە لە باشوری لوبنانی تۆپباران کردووە. رژێمی زایۆنیستی تەقاندنەوەو وێرانکردنی ژێرخانەکانی لوبنانی خستووەتەنێو بەرنامەی کاری خۆیەوەو رۆژانە بیناو  باڵەخانەو خانووبەرەکان لە باشووری لوبنان وێران دەکاو دەیانتەقێنێتەوە. رژێمی زایۆنیستی لە دووی مارسەوە، پەلاماری بەرفراوانی دژی لوبنان دەسپێکردووە کە جگە لە شەهید و برینداربوونی ژومارێک هاووڵاتیی لوبنانی، زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە و پەرتەوازە بوون و هەروەها بەشگەلێک لە باشوری ئەو وڵاتە، لەلایەن ئەو رژێمەوە داگیرکراوە.
سەرچاوە هەواڵییەکانی سووریاش بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە لە بێ دەنگەلێکردنی حکومەتی کاتیی جۆلانی، رژێمی زایۆنیستی جارێکی دیکە هێرشی کردۆتەسەر پارێزگای قونەیتەرە، جەختیان کردۆتەوە کە درێژەی داگیرکەریی رژێمی زایۆنیستی لە خاکی سووریا، نیگەرانی وترس و دڵەڕاوکێی خستووەتەنێو خەڵکی ئەو وڵاتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرە، هێزی داگیرکەری رژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ و دوای ئەوەی خۆی گەیاندۆتە ئاوایی تورنجە لە باکووری قونەیتەرە، دەستی کردووە بە پشکنینی ماڵی دانیشتووانی گوندەکە.
سوپای رژێمی زایۆنیستی دوێنێش چەند ناوچەیەکی دەورووبەری ئەو گوندەی تۆپباران کردبوو.
لە سەرەتای هاتنەسەر دەوری حکومەتی کاتیی جۆلانی لە سووریا، رژێمی زایۆنیستی بە قۆستنەوەی بۆشایی ئاسایشی نێو ئەو وڵاتە، وێڕای بۆردومانی دامەزراوەکانی بەرگریی قورس و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، بەرەو باشووری ناوچەی قونەیتەرە پێشڕەویی کردووەو جار ناجارێک شوێنێکی ئەو پارێزگایە داگیر دەکا. رژێمی زایۆنیستی هەروەها چەند ناوچەیەکی لە باشوری سوریا بۆ نموونە، بەرزاییە ستراتژییەکانی "جەبەل شێخ"ی داگیر کردووە.
پاش پارێزگای باشووریی قونەیتەرە، پارێزگای دەرعاش ٣٢ جار پێشێلی سنوور لەلایەن داگیرکەرانی زایۆنییەوە لە پلەی دووەمدایە، بەم جیاوازییەوە کە دەسدرێژییەکان لەو پارێزگایە، مەترسیدارترن و پەلاماری تۆپخانەیی، کنەی زەوینی و گەشتگەلی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی لەخۆ گرتووە. ناوچەکانی ریفی دیمەشق و سوەیداش چەندین جار لەلایەن داگیرکەرانی زایۆنییەوە پەلاماردراون.