حوزه‌یران 13, 2021 08:26 Asia/Tehran
  • ورده‌کاری سه‌ردانی 6 رۆژەی شاندی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی ھەرێم بۆ ئێران

بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاوی حکومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی باڵای وه‌زاره‌ته‌که‌ی به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌شتێکی شه‌ش رۆژه‌ی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌نجامدا و یه‌کێک له‌ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ش، هاندانی کۆمپانیاکانی ئه‌و وڵاته‌ بو بۆئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامبده‌ن.

بە پێی راپۆرێکی ماڵپەڕی خەندان ، وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا پانۆرامای هه‌فته‌ی کار وچالاکیه‌کانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی به‌ یاوه‌ری سه‌رۆکی ژوره‌ بازرگانیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌شێویه‌کی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی ئێران و پارێزگای شاری  ئه‌سفه‌هان رێکخرابوو که‌ ماوه‌ی 6  رۆژی خایاند، سه‌ردانی هه‌ردو شاری تارانی پایته‌خی ئێران و ئه‌سفه‌هان کرا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رۆژی یه‌که‌م 6ی ئه‌م مانگه‌ شاندی باڵای وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ گه‌یشتنه‌ شاری ته‌هران و له‌لایه‌ن جێگری وه‌زیری کشتوکاڵی ئێران بۆ به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی پێشوازیان لێکرا و رۆژی دوه‌میش، کۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردو وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی ئێران و هه‌رێمی کورستان به‌ئاماده‌بونی ستافی باڵای هه‌ردو وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چو.

باسی له‌وه‌شکرد، رۆژی دوشه‌ممه‌ 7ی ئه‌م مانگه‌، کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن دانای فه‌ڕ راوێژکاری سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سه‌رۆکی ده‌سته‌ی په‌ره‌پێدانی بازرگانی و ئابوری له‌ نێوان عێراق – ئێران به‌ڕێوه‌چ,و، هه‌ر هه‌مان رۆژیش، کۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ندیکای کۆمپانیا بازرگانیه‌کانی ئێران له‌ بواری بیناسازی و دروستکردنی به‌نداوه‌کان و پرۆژه‌کانی ئاودێری، که‌ ئه‌زمونیان هه‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستی هاندان و بانگهێشتکردنیان به‌پێی سیستمی PPP له‌ نێوان که‌رتی کشتی و تایبه‌ت ئه‌نجامدرا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رۆژی سێیه‌م و له‌ رۆژی 8ی مانگ، شاندی باڵای وه‌زاره‌ت به‌شداری له‌ کردنه‌وه‌ی مه‌راسیمی نۆزده‌هه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌سفه‌هان کرد، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا له‌گه‌ڵ کۆمپانیا ئێرانیه‌کانی به‌شداربو له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌سفه‌ها کۆبونه‌وه‌، پاشانیش له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی ژوری بارزگانی ئه‌سفه‌هان بۆ مه‌به‌ستی هاندانی کۆمپانیاکان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌هه‌رێمی کوردستان کۆبونه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، له‌ رۆژی چواره‌می سه‌ردانه‌که‌دا و رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌، میوانداریکردن و کۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌باس ره‌چایی پارێزگاری شاری ئه‌سفه‌هان و جێگره‌کانی به‌  ئاماده‌ب,ونی وه‌زیری کشتوکاڵی عێراق و کۆنسوڵی عێراق له‌ ئێران ئه‌نجامدا، رۆژی 10ی مانگیش، سه‌ردانی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی گاوداری FKA له‌ شاری ئه‌سفه‌هانیان کرد که‌ رۆژانه‌ 250 (دوسه‌د و په‌نجا) ته‌ن شیر به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌شێوازیکی زۆر سه‌رده‌می به‌ ته‌کنه‌لۆژیایی پێشکه‌وتوی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی شیره‌مه‌نی دروستکراوه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 10ی مانگ، شانده‌که‌ی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ سه‌ردانی کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی شیره‌مه‌نی "پیگاه‌"یان له‌ ئه‌سفه‌هان کرد که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان خواستێکی زۆری به‌کارهێنانی به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌یه‌، پاشانیش کۆمپانیای "سبزدشت"یان به‌سه‌کرده‌وه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌دروستکردنی ئامێره‌کانی کشتوکاڵی له‌ بواری چاندن و هه‌ڵکه‌ندنی په‌تاته‌ و پیاز و سیر.له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ش، شانده‌ باڵاکه‌ی وه‌زاره‌ت له‌ ڕێگه‌ی هێڵی ئاسمانی ئه‌سفه‌هان- تاران و پاشان له‌ ته‌هرانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت گه‌ڕانه‌وه‌.

سەرپەیڤ