ته‌مووز 31, 2021 19:41 Asia/Tehran
  • سه‌رۆکى حکومه‌ت‌ و سه‌رۆکى هه‌رێم داواى قه‌ره‌بووی ئه‌نفال ده‌که‌ن

له‌ساڵیادى جینۆسایدى بارزانیه‌کان، مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى په‌یامێک ئاراسته‌ى حکومه‌تى عێراق دەکەن و هاوکات ڕه‌خنه‌شى لێده‌گرن که‌ پابه‌ندى بڕیارێکى دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى عێراق نه‌بووه‌، جەختیشدەکەنەوە، "ئەرکێکی ئەخلاقی‌و یاسایی حکومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان‌و زیانلێکەوتوانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدراون".

 به پێی راپۆرتی شارپریس ، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم لەساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانیەکاندا په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و ڕه‌خنه‌ى له‌حکومه‌تى عێراق گرتووه‌ که‌ پابه‌ندى بڕیارێکى دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى عێراق نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌شى باسکردوه‌، "جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێکی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن‌و وێرانکردنی کوردستان، کە لەساڵانی دواتردا، بەعس لەچەند قۆناغێکدا، دەستی بەشاڵاوەکانی ئەنفال‌و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو وێرانکردنی هەزاران گوندو شارەدێی کوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کوردستان‌و وێرانکردن‌و سوتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی‌و دڕندەیی".

لەلایەکى دیکەشەوە نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌په‌یامێکدا نوسیویه‌تى:"که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان‌و شه‌هیدان دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ هیچ درێخى ناکه‌ین‌و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ به‌دۆکیومێنتکردن‌و بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفاله‌کان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌جینۆساید بناسرێن.

وتوشیه‌تى:"جارێکى دىکه‌ گه‌لى کوردستان‌و مرۆڤایه‌تى به‌گشتى مه‌رگه‌ساتى وا نه‌بینن، داوا له‌حکومه‌تى عێراقى فیدراڵیش ده‌که‌ین، قوربانییان قه‌ره‌بوو بکاته‌وه‌".

ئەمڕۆ 38 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر جینۆسایدکردنى بارزانیەکاندا، وه‌کوو مه‌سرور بارزانى وتوویه‌تى:"38 ساڵ پێش ئێستا، لەکردەوەیەکی نەژادپەرستانەدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنها لەبەرئەوەی کوردبوون ڕاپێچی بیابانەکانی باشوری عێراق کردو کۆمەڵکوژیکردن".

سەرپەیڤ