تشرینی دووه‌م 03, 2022 14:31 Asia/Tehran
  • مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی مایەوە

لە ئەنجامی کۆنگرەکەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە لە دھۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، «مەسعود بارزانی» جارێکی تر وەک سەرۆکی ئەم پارتە ھەڵبژێردرایەوە.

گەرچی سەرەتا دەنگۆی ئەوە بڵاو ببووە کە گوایە «مستەفا بارزانی» لە ئەندامانی دیاری ماڵباتی بارزانیش کاندیدە بۆ بە ئەستۆگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی دیموکرات، بەڵام دواتر بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە لە لایەن نووسینگەکەیەوە بڵاو کرایەوە ، ئەو دەنگۆیە ڕەت کرایەوەو ناوبراو ڕایگەیاند کە، وای پێ باشترە کە وەکو کەسێکی دڵسۆز لە خزمەتی پارتەکەیان و سەرۆکە ھەمیشەییەکەی واتە «مەسعود بارزانی»ی برای دا بمێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، چواردەھەمین کۆنگرەی پارتی ئەمڕۆ پێنج شەممە دوای ماوەیەکی زۆر پەک کەوتن لە پارێزگای دھۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە براو ئەنجامەکەشی بوو بەوە کە جارێکی تر «مەسعود مستەفا بارزانی» سەرۆکایەتییەکەی بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و دەستەڵاتدارترین لایەنی ھەرێمی کوردستانی عێراق دا درێژ کرایەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ئێستادا بەڕێزان «نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی و «مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی» سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک جێگری دووھەمی پارتەکەیان ناسێندراون.

لە رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ١٣ کۆنگرەی بەستووە و یەکەم جاریشە کۆنگرەی خۆی لە سنووری دهۆک دەبەستێت، دوایین کۆنگرەی پارتی لە ساڵی ٢٠١٠ بەسترا، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، کۆنگرەی ١٤ی پارتی ھەتا ئەمڕۆ دواکەوتبوو.

سەرپەیڤ