تشرینی دووه‌م 06, 2022 19:37 Asia/Tehran
  • مەسعود بارزانی : من دەبینم خەلەلێکی گەورە ھەیە، داواتان لێ دەکەم ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بکەم

«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتاری کۆتایی گۆنگرەی ١٤ی پارتی دا ڕایگەیاند: من دەبینم خەلەلێکی گەورە ھەیە، داواتان لێ دەکەم ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بکەم.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەسەندکرانی ئەنجامەکانی لەلایەن لیژنەی دادوەران و کۆمیسیۆنی کۆنگرەوە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، «مەسعود بارزانی» گوتارێکی پێشکەش کرد و تیاییدا ڕایگەیاند: من دەبینم خەلەلێکی گەورە ھەیە، داواتان لێ دەکەم ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بکەم،  ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ با ئەو خەلەلە راست کەینەوە، چونکە سەربەرزی و سەرکەوتنە بۆ پارتی و گەلی کوردستان.

سەرۆکی پارتی دیموکرات لە بەشێکی تری وتەکانی دا ئاوڕێکی لە بیرەوەرییەکی سەردەمی ڕابردووی دایەوەو وتی: جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە بۆ بابەتێکی گرنگ کە وەسیەتی (بارزانی)ی نەمرە بۆ من و (کاک ئیدریس)، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من و (کاک ئیدریس)_وەک برا گەورەی من_ بەدڵ و بەگیان وەسیەتەکەی (بارزانی)مان بەجێ گەیاند کە یەک گیان بین لە دوو جەستەدا، ئەو رۆژەش کە من (نێچیرڤان)م پێشنیار کرد کە ئەویش (مەسرور)ی پێشنیار کرد، ئەوە پەیامێکی گەورە بوو، ھەر بۆیە منیش ھەمان وەسیەت دووپات دەکەمەوە و ئەوەش ڕادەگەیەنم کە بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانیان لێ دەکەم و ئومێدم ھەیە کە بە کەڵکی ھەموولایەک دێن.

«مەسعود بارزانی» جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەندێک لایەن ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان دروست کردبوو، نازانم ئێستاش ماوە یان نا، بەڵام بە تەمای ئەوە بوون کە پارتی لەت لەت بێت،ھەتا ھەریەکە و بۆ خۆی پارچەیەک لە پارتی ببات، ئەوانە ئاوای بۆ دەچوون جا نازانم وادیارە ئێستا دەبێ جارێکی تر سەرەخۆشییان لێ بکەم، بە ڕاستی نازانم چییان پێ بڵێم.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتی: 'ئێستا کاتی ھیممەتە، کاتی ئەوەیە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و ھەمووتان بە بیروباوەڕێکی پۆڵایین خزمەت بکەن، خزمەتی پارتەکەتان و گەل و نیشتمانەکەتان. ھەموومان سەرکەوتین، ھەمووتان سەرکەوتن، کاندیدان ھەموو سەرکەوتن، مادام حزبەکەتان سەرکەوت، کۆنگرە سەرکەوت، سەرکەوتنی ھەموومانە. ھەمووتان خوشک و برای یەکترن، ھەمووتان کوڕ و کچی ئێمەن، حزب حزبی خۆتانە ، دەبێت بە گیانێکی برایانە و پاک و بێگەرد ھەموو بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان، بە دڵێکی خۆش و فراوان ئینشائەڵڵا.

مەسعود بارزانی هەروەها گوتی: ''کاری بنەڕەتی و ئەرکی قورس لەمەودوا دەست پێ دەکات، دەبێت زۆر بە جیددی خەریکی رێکخستنەوەی دامودەزگاکانی حزب بین، زۆر بە جیددی بەدواداچوون بۆ ئیشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەو رێککەوتنە بکەین کە لەگەڵ لایەنەکانی تر ئیمزا کراوە. ئەمە ھەمووشی ئیشێکی زۆری دەوێت، ئینشائەڵڵا خەریک دەبین و لە ئاست متمانەی ئێوەدا دەبین. بەڕاستی ئێوە ھیممەتتان کرد و سەری ئێمەتان بەرز کردەوە'.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سێی تشرینی دووەم کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد و لە یەکەم رۆژدا، «مەسعود بارزانی» بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە و ھەریەک لە «نێچیرڤان بارزانی» و «مەسرور بارزانی»ش وەک جێگری یەکەم و دووھەم دیاری کران.

سەرپەیڤ