شوبات 09, 2023 17:01 Asia/Tehran
  • ئەردوغان سوپاسی ھاریکارییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد

سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھاریکارییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن پێکەوە قسەیان کردو لە میانەی ئەو پەیوەندییەش دا سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بەرامبەر هاوسۆزی و هاوکارییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگەی وڵاتەکەی.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، بارەگای بارزانی وای بڵاو کردووەتەوە کە، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی فڤریەی ٢٠٢٣ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا و «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا و تیایدا سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاسی بارزانی و ھەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆک کۆماری تورکیا ھەروەھا پێزانینی خۆی بۆ ھاریکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی وڵاتەکەی دەربڕی و سوپاسی ھاوسۆزی و ھاوخەمیی تێکڕای ھەرێمی کوردستانی کرد بە حکومەت و جەماوەرەکەیەوە.

جێگای ئاماژەیە لە ئێستادا چەند تیمێکی فریاکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە تورکیادا بەسەر دەبەن و ڕۆڵێکی کارا لە فریاکەوتنی خەڵک و ڕزگار کردنی گیرخواردووانی ژێر خڕبەو داروپەردووی بوومەلەرزەکەی ئەم وڵاتە دەگێڕن.

سەرپەیڤ