مسعود بارزانی: بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی کوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و ناشبێت هیچ دەستوەردان لە مافی پێکهاتەکاندا بکرێت
«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک دیپلۆماتکارو نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند:بۆئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی کوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و ناشبێت هیچ دەستوەردان لە مافی پێکهاتەکاندا بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕۆژی شەممە لە سەلاحەددین میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و کونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و لە میانەی نیوەڕۆخوانێکدا وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هێماو مانا و بۆنەکانی مانگی ئادار و نەورۆز بۆ گەلی کوردستان هیوای ئەوەی بۆ خواستن کە لە ڕۆژانی جەژن و پشوودا کاتێکی خۆشیان لە کوردستان هەبێت.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە درێژەی وتەکەیدا ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوەی خستەڕوو کە، دەرفەتێکی باش بۆچارەسەرکردنی کێشەکان لەئارادایەو ئیرادە و خواستێکیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی کێشەکان بە لێکتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستور و لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنانە چارەسەر بکرێن کە لەنێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە.
سەرۆکی پارتی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردوی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی باش بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەڕوی نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەقەڵەمدا.
«مەسعود بارزانی» ئاماژەی بە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کرد و جەختیکردەوە، بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی کوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و ئەوەشی ڕاگەیاند، "هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی مافی پێکهاتەکانیش لە هەڵبژاردنەکاندا سەرۆکی پارتی ئەوەی دوپاتکردەوە، "نابێت هیچ دەستوەردان لە مافی پێکهاتەکاندا بکرێت،دەبێت ڕێز لە ئیرادەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بگیرێت و خودی پێکهاتەکان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هەر سیستەمێک بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت.