ئادار 26, 2023 16:03 Asia/Tehran
  • کاتی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دیاری کرا

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی عێراق کاتی ڕێکی بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا دیاری کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «دڵشاد شەهاب» وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠٢٣/١١/١٨ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.

وتیشی، بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست دەکەن بە ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

راشیگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بە پرس و راوێژی هەموو لایەک بووە و کۆدەنگیی لەسەر بووە.

ناوبراو لەبارەی پرسی پێکهاتەکانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت مافی پێکهاتەکان پارێزراوبێت و نابێت هیچ پاشەکشەیەک لەو مافەدا هەبێت و هەمووشمان لەسەر ئەوە کۆکین.

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنیش وتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە لە هەر بڕیارێکدا لەوبارەیەوە دەبێت رای خۆیان وەربگیرێت و نابێت هیچ بڕیارێک لەوباریەوە بسەپێندرێت و شێواز و چۆنێتیی هەڵبژاردنیش بۆ پێکهاتەکان دەبێت خۆیان دیاریی بکەن.

سەرپەیڤ