پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەیاندا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن
سێشەممەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەندامێکی شاندی باڵای یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، رەشنووسی پێکهێنانی حکومەت تەواو بووە و دەبێتە بنەمای کاری پێکەوەیی بۆ چوار ساڵی داهاتووی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا، گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت دەکرێ. ئەم بەرپرسەی یەکێتی وتیشی: کۆبوونەوەکانی ڕابردووی هەردوو شاند، تایبەت بوون بە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک و بەهیچ جۆرێک دابەشکردنی پۆستەکان قسەی لەسەر نەکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی، پۆستەکان بۆ سێ ئاست دابەشکراون، ئاستی یەکەم سەرۆکایەتییەکان، ئاستی دووەم وەزارەتە سیادییەکان و ئاستی سێیەم وەزارەتە خزمەتگووزارییەکان دەگرێتەوە.