کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر چۆنیەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
مێدیاکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایانگەیاند کە شاندێکی هەڵبژاردنی پارتی بە سەرۆکایەتی جەعفەر ئیمنیکی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کرد و لەلایەن ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی پێشوازی لێکرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم مێدیاگەلە؛ لە دیدارەکەدا گفتوگۆی تەکنیکی دەکرێت لەسەر ئەوەی کە تا چەندە گونجاوە پارتی و یەکێتی بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشداری بکەن، بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەیش بەوە کراوە کە ئەمجارە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستبێنن و هیچ کورسیەک بەفیرۆ نەدرێت.
شایانی باسە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی تەکنیکی هەردوولایە و بۆچونی خۆیان لەسەر پرسەکە دەخەنە ڕوو، چونکە مەبەستیانە لەناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی لە کەرکووک ڕێژەی کورسییەکانیان زیاد بکەن. لەبەر ئەوەی کە بەگوێرەی یاسا هەر کاندیدێک ڕێژەی دەنگەکانی خۆی دەبات، واتە دەنگ بۆ حزبەکە کۆناکرێتەوە.