ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر دەس بەکارکردنی پەرلەمان
لە کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندەکانی دانوستانکاری هەردوو پارتی سەرەکی لە هەولێر، هەردوولا لەسەر دەستپێکردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی سێپتامبری داهاتوودا ڕێککەوتن
لە بەیاننامەی هاوبەشی شاندەکانی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئاماژە بەوەکراوە، بە پشتبەستن بەو پرەنسیپ و بنەماگەلەی وا هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، هەنگاوگەلێک بۆ ڕێکخستنی هاوکاری هاوبەش لە قۆناغی داهاتووی حوکمڕانی هەرێمدا هەڵگیراوە کە پێشکەوتنی بەرچاویان بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا بە لەبەرچاوگرتنی ئیرادە و خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەوڵی جددی بدرێت بۆ ئەوەی لە مانگی سێپتامبری داهاتوودا شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان دەست بە چالاکییە یاسایی و ئاساییەکانی بکات. هەروەها هەردوو پارتەکە جەختیان کرد لەسەر پێویستی درێژەدان بە قۆناغەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم .