تشرینی یه‌که‌م 11, 2017 11:11 Asia/Tehran
  • پەیوەندیی تەلەیفونیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ ترەمپ و پێداگریی ترێزا مەی لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوێنێ سێ شەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەتەلەفۆن وتووێژی کرد و جەختی کردەوە لەسەر پێبەندبوونی وڵاتەکەی بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام).

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن؛ ترێزا مەی لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا وتی: بەریتانیا لەتەنیشت هاوبەشە ئوروپییەکانی پێبەند دەبێ بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک.

حکومەتی ئەمریکا بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، دەبێ نەوەد رۆژ جارێک ڕاپۆرێک لەبارەی پێبەندبوونی ئێران بە بەڵێنییەکانی لەمەڕ بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) بخاتە بەردەست کۆنگرەی ئەو وڵاتە. کاتی ئەو ڕاپۆرە لەمساڵدا١٥ی ئۆکتۆبرە.

میدیا ڕۆژاواییەکان ڕایانگەیاند، ڕەنگە تەرەمپ لەو ڕاپۆرەدا پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پشت ڕاست نەکاتەوە.

ئەگەر ترەمپ ڕایبگەیێنێ، ئێران پێبەند نەبووە بە بەرجام ، کۆنگرە شەست رۆژ دەرفەتی دەبێ هەتا بڕیار بدات لەبارەی سەپاندنی دووبارەی ئەو گەمارۆ و بایکۆتانەی جێ بەجێ کرانیان بەهۆی بەرجامەوە ڕاگیراوە. بێتوو کۆنگرە دەنگ بە گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان بدات، ئەمریکا لە بەرجام دەکشێتەوەو دەچێتەدەر.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەردەم بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بە ڕێککەوتنێکی مەترسیدار و سامناک وەسف دەکاو خوازیاری هەڵوەشانیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

سەرپەیڤ