شوبات 20, 2019 08:35 Asia/Tehran

ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی سەرۆک کۆماری سوریا بڕیاری تورکیا لەمەڕ هێنانەدی ناوچەی جیاکەرەوە لە باکوری سوریای شەرمەزار کردو وتی: "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا ، خەون بە بوژاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە دەبینێ.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران؛ "بەسینە شەعبان" رۆژی سێ شەممە لە دیمانە لەگەڵ پەیامنێران، تورکیای بە "زێدەخواز و هەلپەرست" ناوبردو پێی داگرت؛ خەڵکی سوریا ڕێگە نادەن ئەردۆغان زێدەخوازییەکانی جێ بەجێ بکات.

ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی سەرۆک کۆماری سوریا وتی: خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەڤانی دەکەن لە خاک و مافی سەروەریی سوریا.

ئەردۆغان لەکۆتایی مانگی ژانڤییەدا ڕایگەیاند: "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێشنیاری کردووە، ناوچەیەکی جیاکەرەوەی سی کیلۆمتری لەباکوری سوریا دروست بکرێ.

ئەردۆغان پێی داگرت: ئەو ناوچەیە دەبێ لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆنترۆڵ ببێ.

دەمشق چەندین جار ڕەخنەی گرتووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆن و ئامادەبوونی نایاسایی سەربازانی تورکیا لە خاکی سوریا.

پرسی دانرانی ناوچەی جیاکەرەوە لەلایەن ئەمریکاو تورکیا لە سوریا لەکاتێکدایە کە حکومەتی یاسایی دەمشق، هەر دوو حکومەتی واشنگتۆن و ئانکارا بە دەسدرێژکەری سەر سنوری سوریا لەقەڵەم دەدا. هەرلەو بارەوە، حکومەتی دەمشق لەچەند ساڵی ڕابردوودا چەندین یادداشتی ناڕەزایەتی خستووەتە بەردەست ڕێکخراوی نەتەوەکان.

سەرپەیڤ