May 23, 2017 08:08 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاریی کاربەدەستانی ئێران و تورکیا سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە

لە چوارچێوی راوێژکاریی بەردەوامی ئێران و تورکیا سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تاراندا دیدار و وتووێژی هەبوو لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی عەرەبی و ئەفریقایی.

"حسێن جابری ئەنساری" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی ئەفریقایی و عەرەبی، و "سەدات ئوناڵ" جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئێوارەی دووشەممە لە تاران، بە لێکدانەوەی دەسکەوتەکان و تەگەرەکانی بەردەم لە پرۆسەی چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا، لە دیدارێکدا سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و باکووری ئەفریقا و ڕێگاکانی چارەسەر کردنی ئاشتیانەی ئەم مەسەلە وتووێژیان کرد.
پاراستنی دەسەڵاتدارێتیی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچە و دابین کرانی مافەکانی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزا جۆربەجۆرەکان و هەموو هۆز و نەتەوەکان و هەروەها چارەسەر کردنی سیاسیانەی قەیرانەکانی ئێستا هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی بنەڕەتیی تیرۆر ، لە تەوەرەکانی باس و وتووێژی نێوان جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا لە تاران بوو.
جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا هەروەها جەختیان کرد لە سەر پێویستیی وتووێژی ناوچەیی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی بەردەم، بەهێزتر کردنی ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانە لە پێناو چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا و بەردەوام بوونی ڕاوێژکاریی دوولایەنەی ئێران و تورکیا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا بناغەدانەرانی پرۆسەی دانوستانی ئاستانەی پێتەختی کازاخستان لە پێناو چارەسەر کرانی قەیرانی سووریادان.
تا ئیستا چوار خولی دانوستانی ئاستانە بەڕێوە چووە و سەرکەوتنێکی باشی لە ڕەوتی چارەسەر کردنی قەیرانی سووریادا هەبووە.

سەرپەیڤ