May 04, 2016 21:20 Asia/Tehran
  • هوشداری دانی ئەردۆغان بە گروپی ڕەشەکوژیی داعش

سەرۆک کۆماری تورکیا هوشداری دا بە گروپی تێرۆریستیی داعش ، لەمەڕ بەردەوام بوونی لەسەر پەلاماری مووشەکی بۆسەر شاری سەر سنووریی کیلیس .

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە کوتی بێتوو پەلاماری ڕەشەکوژیی داعش بۆسەر شارە سەر سنوورییەکانی تورکیا پەرە بستێنێت ، ئەو گروپە دەبێ چاوەڕوانی زەربەتی گورچک بڕ بێت لەلایەن تورکیاوە .

ئەردۆغان کوتیشی ئەرتەشی تورکیا تاکوو ئازاد کردنی تۆکمەو تەواوی ناوچەکانی سەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریا لە چنگ تێرۆریستەکانی داعش ، پەلامارەکانی بەردەوام دەکات .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ، شاری سەر سنووریی کیلیس ی تورکیا ، لە مانگی ژانیڤێریی ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا ، بە جاران بە مووشەک و هاوەن پێکراوە ، کە ئەو مووشەک و هاوەنانە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعشەوە ، لە نێوخۆی خاکی سووریاوە هاویژراون . ئەو هێرشانە تاکوو ئێستا بەدەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتۆتەوە .

پەلامارە مووشەکییەکانی داعش بۆسەر شاری کیلیس ، بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆتەوە .

شایانی باسە گروپی ڕەشەکوژیی داعش لە سووریا پێشتر هەڕەشەی کردووە کە چوار شاری سنووریی "گازی ئانتێپ و نیزیپ و کار کێمیش و کیلیس ی تورکیا ، سەرەکی ترین ئامانجەکانی ئەو گروپە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی تەقینەوەیی و ڕەشەکوژی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو دا دەبێت .

دەوڵەتی تورکیا لە کاتی دەسپێکی قەیرانی سووریاوە ، بە داکۆکیی ماڵی و چەکەمەنی لە گروپە ڕەشەکوژییەکان بە تایبەت داعش ، ڕەوشی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە .