تشرینی یه‌که‌م 22, 2018 20:07 Asia/Tehran
  • لاڤرۆف: چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەڵەیەکی مەزن بوو

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە ئاماژە بە هەڵوێستی مۆسکۆ لەبارەی چوونەدەری ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ئەتۆمی) پێی داگرت؛ ئەو کردەی ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە بوو.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەری فارس، "سرگئی ؛اڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە لەبارودۆخێکدا کە "جان بۆلتۆن" راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەردانی مۆسکۆی کردووە، ڕایگەیاند، لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکەش لەگەڵ ڕووسیادا هاوهەڵوێستن.

سرگئی لاڤرۆف وتی: ڕووسیا ئێستا وتووێژی چڕوپڕی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام دەدا هەتا پێش بگیردرێ بە شوێنهات و لێکەوتە نگەتیڤەکانی بایکۆت و گەمارۆی ئەمریکاو ئەو دڵنیاییە بخاتەڕوو کە ئەو پرسە، کاریگەریی نەرێنی نەبێ لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی ڕووسیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لاڤرۆف لەبارەی پرسی سوریاش پێی داگرت؛ واپێ دەچێ ئەمریکا لە بارودۆخی ئێستادا ئامادەی هاوکاریی لەئاستی بەربڵاودا نەبێ بۆ چارەسەریی بەتەواوەتی قەیرانی سوریا.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەشتی مای، چوونەدەری ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بایکۆت بەدژ ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو کردەیەی ترامپ لەناوخۆ و دەرەوە، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

(بەریتانیا، فەڕانسەو ئاڵمان) سێ وڵاتی ئوروپایی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاوڕێ لەگەڵ ڕووسیاو چین لەچوارچێوەی گرووپی چوارکۆیەکدا جەختیان کردووە لەسەر پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەو دەستیان کردووە بەهەوڵدان وهەنگاونان بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران هاوپێوەند بە جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەبارودۆخی سەپێندرانی گەمارۆ ئەمریکییەکان.

سەرپەیڤ