تشرینی دووه‌م 24, 2022 12:19 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: سیاسەت تۆرانی تیادا نییە، لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ «بەشار ئەسەد»یش کۆ ببینەوە

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە بارەی ھەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لەوە کردەوە کە، سیاسەت تۆران و زیز بوون ھەڵناگرێت، دوور نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ «بەشار ئەسەد»یش دا کۆبوونەوەو وتووێژ بکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلەوە،«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا دوابەدوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە بارەی ھەگەری دانیشتنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا وتی: ئەگەر ھەلەکەی دەست بدات و بەستێنی بۆ خۆش بکرێت، دوور نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو کارە سەر بگرێت.

ھۆکاری لێدوانی «ئەردوغان» لە بارەی شیمانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ «بەشار ئەسەد» بۆ ڕوون کردنەوەی ناوبراو سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ «عەبدولفەتاح سیسی» سەرۆک کۆماری میسر دەگەڕێتەوە.

لە پاش کۆبوونەوەی «ئەردوغان» لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر، ئەم کارە لە لایەن  « دەولەت باخچەلی» سەرۆکی گشتیی «مەهەپە» وەک ھەنگاوێکی ئەرێنی لێک درا بووەوەو جەختی لەوەش کرد بووەوە کە بریا دەکرا لە سووریاش کۆبوونەوە لەگەڵ «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بکرێت.

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» پەیوەست بەو ڕوانگەیەی «دەوڵەت باخچەلی» جەختی لەوە کردووەتەوە کە، رەنگە شتی وا رووبدات. لە سیاسەتدا تۆران و زویربوون مانای نییە. لە کۆتاییدا کاتێک هەلومەرجی گونجاومان بۆ هاتەپێش، وەها هەنگاوێکیش ھەڵدەگرین.

سەرپەیڤ