نوێنەری تایبەتی ڕووسیا لە سووریا: کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان هەڵگری پەیامێکە بۆ کوردی سووریا
نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پوتین لە کاروباری سووریا دەڵێت: کوردەکانی سووریا لە ئێستادا پشتیان بەستووە بە هاوکاری کردنی ئەمریکا و بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێدەچێت ئەمریکا لە ناکاو هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە وەک ئەو شتەی ئێستا لە ئەفغانستان کردی.
ئەلکساندر لاڤرنتیف نوێنەری تایبەتی ڕووسیا لە سووریا دەڵێت: لە ئێستادا ئەوەی لە ئەفغانستان ڕووی دەدات هەڵگری پەیامێکی ئاشکرایە بۆ کوردەکان. ئێمە بەردەوام پێوەندیی باشمان لەگەڵ کورد دەبێت و ئەوان هان دەدەین بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.
لاڤرنتیف جەختی کردەوە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕووداوێکی شازە چوونکە پاش کشانەوەی ئەمریکا نفووزی تاڵبان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە خێرا بۆتەوە و زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە دەکەوێتە دەست تاڵبان. دیارە وەزعی ئەفغانستان یەکلا بۆتەوە بەڵام هەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ پارێزگاری کردن لە گیانی سەربازەکانی بڕیارێکی گونجاوی ئەو وڵاتە بوو.
ئەو بەرپرسە ڕووسە ئاشکراشی کرد کە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا پەیامێکی ئاشکرای تێدایە بۆ کوردەکان بۆ ئەوەی بڵێت ئەمریکییەکان دوور نیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕیارێکی وەک ئەو بڕیارە لە سووریاش بدەن و بە ڕای من ڕۆژێک هەر ئەو بڕیارە دەدەن.
ناوبراو گوتیشی: بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە سووریا لەسەردەمی ترەمپدا درا بەڵام پاشتر پێداچوونەوە بە بڕیارەکە کرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا بەڵام بەگشتی لەو بڕوایەدام کە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناکاو ڕوو دەدات.