شوبات 05, 2023 15:14 Asia/Tehran
  • هێرشی تۆپخانەی سوپای سوریا بۆ سەر پێگەکانی بەرەی نووسرە

لە بەرامبەر هێرشەکانی بەرەی نوسرە، سوپای سوریا پێگەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستییەی کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سوریا ، یەکەکانی سوپای سوریا کە لە ڕیفی باشووری پارێزگای ئیدلب و ڕیفی باکووری پارێزگای حەما جێگیرکراون و دەکەوێتە ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، وەڵامی هێرشەکانی تاقمی تیرۆریستیی  بەرەی نوسرەیان دایەوە کە دۆخی نالەباری کەشوهەوایان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپا لە ڕیفی ڕۆژهەڵاتی ئیدلب قۆستبووەوە.

هەروەها یەکینەکانی سوپای سوریا مۆڵگەکانی بەرەی تیرۆریستی ئەلنوسرەو هاوپەیمانەکانی لە هێڵەکانی بەرکەوتن لە دەشتی باکووری ڕۆژئاوای «ئەلغاب»و لە ناوچەی «مەعارە ئەلنیعسان» لە ڕیفی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیدلب بە تۆپخانە بۆردومان کرد.

ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان پارێزگای ئیدلب و بەشێک لە پارێزگاکانی حەلەب، حەما و لازقییە لەخۆدەگرێت و تیرۆریستانی بەرەی نوسرەو میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەو ناوچانەدا ئامادەن.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی مەیدانی لە سووریا ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند کە یەکینەکانی سوپای سووریا ڕووبەڕووی هەوڵی پاشماوەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش بوونەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەشێک لە بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەی «ئەلسوخنە» لە بیابانی ڕۆژهەڵاتی «حومس» و بیابانی ڕۆژئاوای «دێرەززۆر» و ناچاریان کرد بەرەو قووڵایی بیابانەکە هەڵبێن.

سەرپەیڤ