دیمەشق: هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا نییە
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا دەبێ بە ڕوونی و بەبێ هیچ دووفاقییەک ڕایبگەیەنێت کە هێزەکانی لە خاکی سوریا دەکشێنێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵدەریی ئەلئەخباریە، «ئەیمەن سۆسان» ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بوونی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی بە شێوەیەکی کردەیی و یاسایی پێویستمەندی هەماهەنگی و هاوکارییە. سوریاش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم هاوکارییە ڕاگەیاندووە؛ ھەڵبەت تا ئەو کاتەی لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی دا بگونجێت.
ئەم بەرپرسە سورییە ڕایگەیاندووە کە سوریا پاڵپشتی وتووێژ و پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکات. تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لە ساڵانی قەیرانەکاندا ڕۆڵێکی نەرێنییان هەبووە. ئەم پرسە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گەلی سوریا دامەزراوە.
«سۆسان» بە ئاماژە بەوەی کە سوریا پێشوازی لە هەوڵەکانی دۆستە ئێرانی و ڕووسییەکانی کردووە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، جەختی کرد: بۆ گەییشتن بەو ئامانجە دەبێت ھەل و مەرجی دیارو ھەست پێکراو بەدی بکرێت، بەڵام تا ئێستا، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا یان سەبارەت بە شەڕی تیرۆر و دامرکاندنەوەی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەتایبەت لە ناوچەی ئیدلب هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنیمان نەبینیوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە کە بە کاری پێکەوەیی ئەنجام دەدرێت نەک دەستوەردانی تاکلایەنە و نایاسایی.