شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەکە و چەکدارانی سەر بە تورکیا
باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ئەمڕۆ بوو بە گۆڕەپانی شەڕی نێوان هێزەکانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا ناسراو بە هەسەدە.
هێزەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە ناوچەکانی کۆبانی، ڕەقە و حەسەکەیان بۆردمانێکی قورس کردووە. ژێدەرە هەواڵییەکان ڕاپۆرتیان داوە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا چەند بنکە و مەتەرێزی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریایان لە بەنداوی تەشرین و شاری دەیرحافر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری منبجیش پێکاوە. هەسەدە جەختی کردووە کە چەکدارانی توانیویانە هەموو ئەم پەلامارانەی هێزەکانی سەر بە تورکیا پووچەڵ بکەنەوە، چەکدارانی ئەو گرووپە بکوژن و هەروەها ترۆمبیلە سەربازییەکانیان تیا ببەن. بە هۆی بۆردومان و شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژی شەممەیش دوازدە چەکداری هەسەدە کوژران و هەشتیشیان بریندار بوون . هەروەها ٥٠ چەکداری گرووپی سەر بە تورکیاش کوژراون. لە درێژەی شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی سووریا و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە سووەیدا دژ بە جۆلانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کەرامەی دەروزییەکانیش وشداری داوە بە جۆلانی و وتوویەتی کە شێخەکانی ئەم پارێزگایە نەیاری هاتنی هێزەکانی سەر بە تەحریروشام بۆ نێو ئەم پارێزگەیەن. ناوبراو وشداری داوە ئێمە لە دووی خوێنڕشتن نین، بەڵام بێتوو شتێک داسەپێ بە سەرماندا، بۆ بەرگری لە خۆمان سێ و دوو ناکەین.
هەروەها هەڵمەتێکی ئاسایشیش کە لە لایەن ئیدارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی دێمەشق بۆ گرتنی کەسانی پێوشوێنگیراو لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حومس دەسپێبووە، بۆ دووەم ڕۆژی یەک لە دوای یەک هەر بەردەوامە. ژمارەی گیراوان گەیشتووەتە ٥٠٠ کەس، لە جەنگەی ئەو جەنایەت و تاوانانەی کە ژمارەیەک لە چەکداران لە کاتی گرتن و هەروەها ئەشکنجەی گیراوان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ ناوەندە ئاسایشەکان ئەنجامیان داوە. سەرچاوە ڕۆژنامەوانیەکانیش ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی گیراوان لە گەڕەکەکانی شاری حومس گەیشتووەتە ١١٠ ئەفسەری ڕژێمی پێشوو کە لە ڕیزی ئەو کەسانەیدان لەگەڵ ئیدارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەیشتبوونە تەبایی، جگە لە گیرانی هەژدە کەسی مەدەنی لەبەر پێوەندیان لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکان.