ته‌مووز 13, 2020 21:31 Asia/Tehran
  • لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان لە لایەن تورکیاوە یەکیەتی ئوروپا ھاتە دەنگ

یەکێتى ئەوروپا لەسەر پێشێلکردنى سەروەریى وڵاتان وشداریى دایە تورکیا و داواشى لێکرد هەڵوێستى خۆی بگۆڕێت.

 

جۆزێپ بۆرێل بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا لەمیانى کۆبوونەوەى پەرلەمانى ئەوروپا رایگەیاند، داوامان لە تورکیا کرد بریارى خۆى لە گۆڕینى کەنیسەى ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت هەڵوەشێنێتەوە، چونکە ئەوە کاریگەرى لەسەر پەیوەندى تورکیاو یەکێتى ئەوروپا دەبێت.

بۆرێل جەختیکردەوە کە دەخوازن پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ تورکیا هەبێت، بەڵام بەوتەى خۆى هەندێ مامەڵەى تورکیا کاریگەرى لەسەر ئاسایشى هەندێک وڵاتی یەکێتى ئەوروپا دەبێت.

بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا ئەوەى خستەڕوو کە دەستوەردانەکانى تورکیا لە دەریاى ناوەڕاست مەترسى لەسەر ئاسایشى یەکێتى ئەوروپا هەیە، بۆیە پێویستە رێز لە سنورەکان بگرێت.

هەروەها داواشى لە تورکیا کرد هەڵوێستەکانى لەناوچەکە بگۆڕێت کە مەترسى لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەکات، هاوکات نیگەرانیى خۆشى لە دەستوەردانەکانى تورکیا لە ئاڵۆزییەکانى لیبیا نیشانداو داواى لەو وڵاتە کرد دۆخى سوریا ئاڵۆزتر نەکات.

هاوکات بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا داواشى کرد پێویستە تورکیا رێز لە سەروەری و ئاسایشى وڵاتانى ئەوروپا بگرێت و باسیشى لە ئەگەرى سزادانى ئەو وڵاتە کرد.

ئەمڕۆ دوو شەممە پەرلەمانى ئەوروپا لەبارەى چەند پرسێک لەوانە پەیوەندیەکانى لەگەڵ تورکیا کۆبووەو تیایدا نیگەرانی خۆیان لەسەر سیاسەتەکانى ئەم دواییەى تورکیا راگەیاندوە.

سەرپەیڤ