دژایەتی تورکیا لەگەڵ داخوازییەکەی ئیسرائیل
تورکیا داخوازیی ڕژێمی زایۆنی بۆ دەرکردنی ڕێبەرانی حەماس لە خاکی خۆی ڕەتکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئەلعالەم ،«مەولود چاوش ئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند: تورکیا نەیاری دخوازییەکەی ڕژێمی زایۆنییە لەمەڕ دەرکردنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لەو وڵاتە.
«چاوش ئۆغڵو» لە دانیشتنی پەرلەماندا ڕایگەیاند:ئەنقەرە حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت، بۆیە هەر داواکارییەک بۆ دەرکردنیان لە تورکیا ڕەت دەکاتەوە.
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی تورکیا وتیشی: وەڵامی هیچ داواکارییەکی ئیسرائیلمان سەبارەت بە حەماس نەداوەتەوە، چونکە بە بزوتنەوەیەکی تیرۆریستیی نازانین.
جێگای ئاماژەیە، «بێنی گانتز» وەزیری شەڕی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردبوو کە، سەرکردەکانی حەماس کە لەم وڵاتە نیشتەجێن، دیپۆرت بکاتەوە. بەڵام ئەنقەرە بەڕاشکاوی ئەم داوایەی ڕەتکردەوە.