شوبات 10, 2023 14:03 Asia/Tehran
  • ڕاگیرانی ئۆپراسیۆنەکانی پەکەکە دژی تورکیا بە بۆنەی بوومەلەرزەکانەوە

پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا «پەکەکە» دوای بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەنقەرە ڕادەگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، ئەم پارتەی نەیاری دەوڵەتی ئانقەرە لە ھەڵوێستێکدا لە پەیوەندی لەگەڵ ڕوودانی بوومەلەرزە لە وڵاتەکەیاندا فەرمانی بە ھێزەکانی داوە ھەتا شەڕو ئۆپراسیۆنەکانیان دژی حکومەتی تورکیا ڕابگرن.

ھەر لەم پەیوەندیەدا «جەمیل باییک» لە بەرپرسانی باڵای پەکەکە بانگەوازێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردن لە کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیا، داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بە هۆی ئەم کارەساتە سروشتییەوە سەرجەم چالاکییە سەبازییەکانیان ڕابگرن.

لە بانگەوازەکەی ئەم بەرپرسە باڵایەی پەکەکەدا ھاتووە، هەتا دەوڵەتى تورک هێرش نەکاتە سەرمان، ئەوا هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک ئەنجام نەدەن و پێویستە هەمووشمان پابەندی ئەم بڕیارە بین، هەڵبەت دیارە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاش بەرامبەر بە بڕیارەکەمان دیاریکەر دەبێت.

«جەمیل باییک» وێڕای ھاوسۆزی دەربڕین بۆ لێقەوماوان و کۆست کەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا ڕایگەیاندووە: بوومەلەرزە لە ھەموو وڵاتان دا ڕوو دەدات و ھەموو حکومەتەکان بە لەبەر گرتنی ڕێ و شوێنی پێویست لە ڕادەی کارەساتەکان کەم دەکەنەوە، کەچی بە داخەوە لە تورکیادا لە بەر خەمساردی حکومەت ڕووداوێکی سروشتی وەھا کارەساتێکی گەورەو قەرەبوو نەکراوی لێ کەوتەوە.

سەرپەیڤ