ئادار 06, 2024 14:20 Asia/Tehran

لەکاتێکدا کە دەنگۆی ڕاگیردرانی شەڕی غەززە تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان بڵاو بۆتەوە، کاربەدەستێکی حەماس ڕایگەیاند کە دانوستانی ئاگربڕی نێوان حەماس و ناوبژیوانان لە قاهیرە بە بێ هیچ هەنگاوێکی بەرەوپێشەوە ڕاگیردراوە.

باسم نەعیم، لە کاربەدەستانی باڵای حەماس وتی کە ئەم گرووپە پێشنیارەکانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە ماوەی دوو ڕۆژ دانوستان ئاراستەی ناوبژیوانان کردووە و ئیستا ئیتر چاوەڕێی وەڵامی ئیسراییلییەکانە کە لەم دانوستانەدا نەبوون. 

نەعیم وتی: بنیامین نەتانیاهووی سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل لە دووی ڕێککەوتن نییە و ئێستا تۆپ لە زەوینی ئەمریکاییەکاندایە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەری.

تێلاڤیڤیش خۆی بواردووە لە ڕادەربڕینی ئاشکرا لەبارەی دانوستانەکانی قاهیرە. سەرچاوەیەک پێشتر بە ڕۆیتێرزی وتبوو کە ڕژێمی زایۆنی لەبەر ئاراستە نەکردنی لیستی دەستبەسەرکراوانی لەلایەن حەماسەوە، بەشداری نەکردووە لەو دانوستانانە.

نەعیم وتی کە ئاراستە کردنی ئەم لیستە بەبێ ئاگربڕ هەر گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی کە دەستبەسەرکراوان  لە سەرانسەری ناوچە جەنگییەکەدا پرژ و بڵاون و هەر چەن کەسێکیان لەدەستی گرووپێکی جیاوازدان.

دانوستانەکانی قاهیرە دوایین ڕێگاچارەی دامەزرانی ئاگربڕێکی درێژماوە لەم شەڕە دەهاتە ئەژمار. 

سەرپەیڤ